رووداو دیجیتاڵ
ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق دەڵێت، پەیوەندیی نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان "خۆشەویستییەکی دوولایەنەیە نەک تاکلایەنانە."
رۆمانۆوسکی رۆژی سێشەممە، لە پانێڵێکی دیداری مێریدا لە هەولێر رایگەیاند، واشنتن بەردەوامە لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
لە بارەی داهاتووی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، رۆمانۆوسکی ئاماژەی بەوە کرد، واشنتن دەیەوێت چیدیکە سەرنجی پەیوەندییەکان تەنیا لە بواری ئەمنی و سەربازیدا بن، بەڵکو دەیەوێت گرنگی بە مافەکانی مرۆڤ، گەشەی ئابووری و دیموکراسی بدات.
خانمە باڵیۆزەکە گوتی: "دەمانەوێت ئەو پەیوەندییەی لە دەیەی رابردوودا هەمان بووە بگۆڕین کە سەرنجی چڕی لەسەر پەیوەندیی سەربازی بووە، بۆ پەیوەندییەک کە سەنگێکی یەکسان یان زیاتر بخاتە سەر بازرگانی، وزە، مافەکانی مرۆڤ، حکومڕانی بونیادنانی کەرتی تایبەت، پشتیوانیکردن لە خواستەکانی خەڵکی عێراق بەتایبەتی ژنان و گەنجان بۆ بونیادنانی داهاتوویان."
لە بارەی هەرێمی کوردستان، رۆمانۆوسکی گوتی: "کوردستانی عێراق دەروازەیەک بووە بۆ زۆر بازرگانیی ئەمریکی بۆ ئەوەی بێنە ئێرە و نەک تەنیا پێگەی خۆیان لە وەبەرهێناندا بسەلمێنن، نەک تەنیا لە هەرێمی کوردستان بەڵکو هەروەها لە عێراق،" هەروەها ئاماژەی بەوە کرد هەندێ لە کۆمپانیا ئەمریکییەکان، دوای سەرکەوتنیان لە هەرێمی کوردستان، ئێستا لە بەغدا و لە شوێنەکانی دیکەی عێراق لقەکانیان دەکەنەوە.
رۆژنامەڤان هیوا عوسمان، بەڕێوەبەری پانێڵەکە پرسیاری لە رۆمانۆوسکی کرد، سەرنجی چییە لەسەر قسەی هەندێ شرۆڤەکار کە دەڵێن، پەیوەندیی نێوان کورد و ئەمریکا "چیرۆکی خۆشەویستییەکەی تاکلایەنانەیە،" بەوپێیەی کە هەستدەکەن لە قۆناخی جیاجیادا، کوردی تەنیاجێهشتووە.
رۆمانۆوسکی لە وەڵامدا گوتی: "کە تۆ دەڵێی خۆشەویستیی تاکلایەنانە، لەگەڵت هاوڕا نیم. من دەڵێم، خۆشەویستییەکی دوو لایەنانەیە."
لە وەڵامی ئەوەی کە بۆچی پێشتر ئەمریکا دژی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بەرگریی لە هەولێر نەکردووە، وەڵامی رۆمانۆوسکی روون نەبوو، تەنیا بەوە وەستا بڵێت: "ئێمە هەمیشە بەرگریمان لە کارمەند و هێز و دامەزراەوکانی ئەمریکا کردووە [...] و بۆ بەرگریکردن لە خۆمان وەڵام دەدەینەوە."
رۆمانۆوسکی هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە سەربەخۆیی وزە ستوونێکی سەرەکیی پەیوەندیی ئەمریکا و عێراقە. گوتیشی: "ئێمە سەربەخۆیی وزەمان کردووەتە بەشێکی گرنگی کارەکەمان بۆ پەرەدان بە توانای عێراق لە بەکارهێنانی سەرچاوەکانی خۆیدا."
بەشێکی ئەو ستراتیجییە بریتییە لە هاوکاریکردنی عێراق بۆ گرتنەوەی گازی هاوەڵ و بەهێزکردنی تۆڕی کارەبای عێراق، تاوەکو کەمتر پشت بە ئێرانی نەیاری واشنتن ببەستێت.
باڵیۆزی ئەمریکا جەختیکردەوە کە ئەمریکا بە "هاوپەیمانێکی نەگۆڕی" هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە.
گوتیشی: "ئێمە کۆنسووڵخانەیەکی زۆر باشی نوێ دروستدەکەین کە بە بڕوای من، گەواهیدەری پابەندبوونمانە بە هەبوونی پەیوەندیی بەهێز لەگەڵ ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیەوندییەکانمان لەگەڵ کوردستان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ