‎سەرۆکی ژووری بازرگانیی قەزوین: بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان ئامانجی سەرەکیی ئێمەن

29-07-2024
دڵنیا رەحمان
دڵنیا رەحمان @dilnyarahman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

‎لەدوای کۆبووەنەوەیان لەگەڵ یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی هەولێر، ‎سەرۆکی ژووری بازرگانیی قەزوین دەڵێت: "ئامانجی سەرەکیمان بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانە و یەک لەسەر سێی هەناردەکانمان بۆ هەرێمی کوردستان بووە."

 

‎رۆژی دووشەممە، 29-07-2024 شاندێکی بازرگانیی قەزوین سەردانی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی لقی هەولێریان کرد و لە کۆبوونەوەکەیاندا باسیان لە ئامانجە هاوبەشەکانی هەردوولا کرد.
 
سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکانی قەزوین دەڵێت: "لە ماوەی 15 ساڵی رابردوو 50% بەرهەمەکانیان هەناردەی عێراق کردووە و 70%ـی لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە هەناردە کراوە و بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان ئامانجی سەرەکی ئێمەیە."
 
‎مێهدی عەبدیان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی قەزوین بە رووداوی راگەیاند، عێراق و هەرێمی کوردستان، "دۆست  و دراوسێ ئێمەن و من خۆم نزیکەی 21 ساڵ لێرە چالاکی دەکەم. پارێزگای قەزوین یەک لە سەر سێی هەناردەکردنەکانی بۆ هەرێمی کوردستان بووە. یەکێک لە بازاڕە گەورەکانە بۆ ئێمە و دەمانەوێ گەورەتری بکەین و پشکی زیاترمان هەبێت."
 
‎عەبدیان گوتیشی: "ئێمە سێ هەزار و 740 یەکەی پیشەسازیمان هەیە لە کەرتی تایبەت و دەوڵەتیش، لە کەرتی کشتوکاڵ هەزار و 51 یەکەی بەرهەمهێنانمان هەیە و هەروەها لە بوارە جیاوازەکان، لە بواری بیناسازی هەموو جۆرە بەرهەمێکمان هەیە، لە 50% بەرهەمهێنانی کاشی و سیرامیکی ئێران لە شاری ئێمەیە. ئێمە هەروەها لەسەر کاستی ئێران دووەم بەرهەمهێنەری مێوژ و زەیتوونین."
 
"دوو مانگ پێش ئێستا لە رێگەی ژووری بازرگانیی قەزوین نووسینگەیەکمان لە هەولێر کردەوە و نوێنەرمان هەیە لێرە تا بتوانین پەیوەندیی باشتر لەگەڵ ژووری بازرگانیی هەولێر و یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی هەولێر دروست بکەین، لێرەش داوام لە بەرپرسان کرد و دیسان داوا دەکەم سەردانی قەزوین بکەن، شاری ئێمە شارێکی جوانە و زۆرترین ئاسەواری مێژوویمان هەیە." ‎سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی قەزوین وا دەڵێت.
 
‎لەبارەی پەیوەندییەکانی ئەو دوو شارەوە لە بواری بازرگانیدا، سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی هاوردە و هەناردەکاران بە رووداوی راگەیاند، یەکێک لە ئامانجەکانی سەردانیکردنی سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی پارێزگای قەزوین کە هاوکات سەرۆکی ژووری بازرگانیشە، بۆ ئەوەیە "بەشداری لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بکەن، کە نزیکەی 50 کۆمپانیای خاوەن کارگەن و دەیانەوێ زیاتر بەرهەمەکانی خۆیان بە هەولێر بناسێنن."
 
‎رەسول حاجی عومەر ئاماژەی بەوەشکرد: "لە کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ شاندی بازرگانیی قەزوین باسمان لە چۆنیەتی دامەزراندنی کارگە کردووە، هاوشێوەی ئەو کارگانەی کە لە پارێزگای قەزوین هەیە."
 
‎هەرێمی کوردستان و ئێران، نزیکەی 650 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشیان هەیە. 7 دەروازەی سنووریی لەنێوانیان هەیە و قەبارەی بازرگانییەکەی بە ترانزێتەوە زیاتر لە 7 ملیار دۆلارە لە ساڵێکدا.
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێجیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە خێزانی عەمید فەرهاد دەکات

نێچیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە خانەوادەی عەمید فەرهاد دەکات

نێجیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە خانەوادەی جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: "هاوسۆز و هاوخەمیانم".