رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێكی هاتووچۆدا لە پارێزگای ئێلهــی باکووری کوردستان، 4 ئەندامی یەک خێزان گیانیان لەدەستدا و 2 کەسی دیکەش برینداربوون.
رووداوەکە لەسەر رێگەی ئێلهـ -قوبینێ روویدا و ئۆتۆمبێلێک خۆی کێشا بە ژمارەیەک پیادەدا کە لە ئاهەنگێکی بووکگواستنەوە هاتبوونە دەرەوە و دەیانویست لە شەقام بپەڕنەوە.
لە رووداوەکەدا سلێمان ئۆغوز ـی تەمەن 48 ساڵ، ئیلیاس ئۆغوز ـی تەمەن 40 ساڵ، دەنهر ئۆغوز ـی تەمەن سێ ساڵ و سەفا ئۆغوز ـی تەمەن 12 ساڵ گیانیان لەدەستدا و دوو کەسیش برینداربوون.
تیمی تەندروستیی 112 و پۆلیس و جەندرمە گەیشتنە شوێنی رووداوەکە. بریندارەکان گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەکانی شارەکە و تەرمی ئەو چوار کەسەش بەمەبەستی توێکاری رەوانەی نەخۆشخانەی فێرکاری ئێلهـ کران.
بە گوێرەی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا، ساڵی 2023 لە باکووری کوردستان و تورکیادا 555 هەزار و 668 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە. لەو رووداوانەدا دوو هەزار و 984 کەس گیانیان لەدەستداوە و 354 هەزار و 323 کەسیش بریندار بوون.
بە گوێرەی هەمان ئامار بۆ ساڵی 2022، لە باکووری کوردستان و تورکیادا 485 هەزار و 48 رووداوی هاتوچۆ روویانداوە. لەو رووداوانەدا دوو هەزار و 282 کەس گیانیان لەدەستداوە و 291 هەزار و 151 کەسیش برینداربوون. هەروەها ساڵی 2021 ملیۆنێک و 186 هەزار و 353 رووداوی هاتوچۆ روویاندابوو و بەهۆیانەوە 5 هەزار و 362 کەس گیانیان لەدەستدابوو. هەروەها 274 هەزار و 615 کەسی دیکەش بریندار ببوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ