بەڕێوەبەری گشتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی: سەرقاڵی دۆزینەوەی رێگەیەکین بۆ دەستەبەرکردنی کرێکاری رۆژانە

29-07-2024
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەڵێت، "وەزارەتی کار لە هەوڵدایە رێگەیەک بۆ دەستەبەرکردنی کرێکاری رۆژانە بدۆزێتەوە"؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "تاوەکو ئێستا زیاتر لە 51 هەزار پڕۆژە دەستەبەر کراون." 
 
مەریوان بەگۆک، بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (دووشەممە، 29-7-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەهۆی نەبوونی هۆشیاری لەلایەن کرێکار و خاوەنکارانەوە، پڕۆسەی دەستەبەرکردنی کرێکاران بەخێرایی بەڕێوەناچێت"؛ ئاماژەی بەوەش کرد، "بەشێکی خاوەنکاران بەمەبەست کرێکاران بە هەڵە لە دەستەبەری تێدەگەیێنن، تاوەکو ئەو 12٪ـیەی دەستەبەری کە بۆ کرێکارەکەیە، نەیدەن." 
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، کۆی گشتی پڕۆژەی دەستەبەرکراو لە هەرێمی کوردستان، 51 هەزاری تێپەڕاندووە و ئەو کرێکارانەش دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە گەیشتووەتە 182 هەزار و 678 کەس و ژمارەی کرێکاری خانەنشینکراویش گەیشتووەتە 957 کرێکار.
 
بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە رووداوی گوت، "زیاتر لە 51 هەزار پڕۆژە لە هەرێمی کوردستان دەستەبەری کاریان بۆ کراوە و رۆژ دوای رۆژیش ژمارەکە زیاتر دەبێت."
 
ئەو بەرپرسە گوتیشی، "بەشێکی کرێکاران هۆشیاری پێویستیان لەبارەی پڕۆسەکە نییە و وا دەزانن ئەو پارەی دەستەبەرییە باجە و پێیان نادرێتەوە"، بەڵام دڵنیایی دا لەوەی "پارەی دەستەبەری 5٪ کە لە مووچەی کرێکار و 12٪ کە خاوەن کار دەیداتە سندووقی خانەنشینی، راستەوخۆ دوای نەمانی کرێکار لە کارەکەی یان خانەنشینبوونی، دەدرێتەوە بە کرێکار." 
 
مەریوان بەگۆک گوتیشی، "بەشێکی خاوەنکارانیش هۆشیاریی پێویستییان لەبارەی ئەو بابەتە نییە، بەڵام بەشێکی دیکەیان بە زانایی دەیانەوێت کرێکاران بەو جۆرە تێبگەیێنن کە پارەکەیان نادرێتەوە."  
 
یاسای خانەنشینی ژمارە71ـی عێراق لە هەرێمی کوردستان بۆ خانەنشینبوون و دەستەبەرکردنی کرێکاران بەرکارە. مەریوان بەگۆک بە رووداوی گوت، "زیاتر لە 800 کەس مووچەی خانەنشینییان بۆ بڕاوەتەوە و بەپێی خزمەتیان لە 300 هەزار دینارەوە تاوەکو 800 یان 900 هەزار دینار مووچەیان هەیە." 
 
بەپێی ئەو یاسایەی سەرەوە، تەنیا ئەو کرێکارانە دەستەبەر دەکرێن کە خاوەن کاریان هەیە و لە پڕۆژەیەکدان، بەڵام سەتان کرێکار لە هەرێمی کوردستان پڕۆژەیان نییە و رۆژانە بەرامبەر بڕە پارەیەک کار دەکەن، هەروەها شۆفێری تاکسییەکانیش بە هەمان شێوە دەستەبەری کرێکاران نایانگرێتەوە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتی، "هیچ یاسایەک نییە باس لە دەستەبەریکردنی کرێکاری رۆژانە بکات، بەڵام ئێمە لە وەزارەتی کار خەریکی دۆزینەوەی رێگەیەکین بۆ دەستەبەرکردنی کرێکاری رۆژانە و بەم نزیکانەش هەوڵەکانمان دەگەنە ئەنجام."
 
جاروبار تۆمەتی ئەوە دەدرێتە پاڵ خاوەنکاران کە ژمارەی راستەقینەی کرێکارانیان نادەنە لیژنەکان بۆ ئەوەی دەستەبەر بکرێن. ئەو بەڕێوەبەرەی وەزارەتی کار گوتی، "لیژنەکانمان بەردەوام سەردانی پڕۆژەکان دەکەن و هەر کات هەست کرا ژمارەی راستەقینە نەخراوەتەڕوو و کرێکاران دەستەبەرنەکراون، رێکاری پێویست دەگرینەبەر." 
 
مەریوان بەگۆک داوای لە کرێکاران کرد "هەرکات خاوەنکاران رەتیانکردەوە دەستەبەرییان بکەن، لە رێگەی هێڵی هۆشیاریی کرێکاران 5500 پەیوەندی بە وەزارەتی کارەوە بکەن."
 
بەپێی یاسای بەرکار لە هەرێمی کوردستان، هەرکات کرێکاری پیاو تەمەنی گەیشتە 60 ساڵ ئەگەر 15 ساڵ زیاتر خزمەتی هەبێت، دەتوانێت خۆی خانەنشین بکات؛ هەروەها ئافرەت ئەگەر تەمەنی گەیشتە 55 ساڵ و 15 ساڵ خزمەتی هەبێت، خانەنشین دەکرێت.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شارەزوور.

قایمقامی شارەزوور: قوتابخانەمان هەیە 97٪ی کارەکانی تەواوکراوە، بەڵام لەبەر پارەیەکی کەم راگیراوە

رزگار غەفوور، قایمقامی قەزای شارەزوور میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، باسی لە کێشە و گرفتەکانی سنووری قەزای شارەزووری کردو رایگەیاند، قەیرانی دارایی و گرفتی نەختینەیی گرفتی گەورەی بۆ دروست کردووین، "بەجۆرێک زۆرینەی ئەو پرۆژانەی هەمانن بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی نەختینەوە راگیراون".