رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان نزیکەی 50 کەس بە دار و چەقۆ بەربوونە گیانی یەکدی و بەهۆیەوە سێ کەس برینداربوون. پۆلیسیش بۆ کۆنترۆڵکردنی شەڕەکە گازی فرمێسکڕێژی بەکارهێنا.
رووداوەکە رۆژی چوارشەممە 28ی حوزەیرانی 2023 لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا لە شارۆچکەی جزیری سەر بە پارێزگای شرنەخ لە نێوان ئەندامانی دوو بنەماڵە روویدا.
بە گوتەی شایەتحاڵان، ئەم دوو بنەماڵە شەڕکەرە دووژمنایەتی لەنێوانیاندا هەبووە، لە یەکەم رۆژی جەژندا نزیکەی 50 کەس لە ئەندامانی ئەو دوو بنەماڵەیە لە شەقامێکی گشتی لە ناوەندی شارۆچکەی جزیر رووبەڕووی یەکدی بوونەوە و بە دار و چەقۆ شەڕیان کردووە.
شەڕەکە نزیکەی نیو کاژێر بەردەوام بوو و دوای ئەوەی تیمەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی رووداوەکە، بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا.
لە ئەنجامی شەڕەکەدا سێ کەس بریندار بوون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە، لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.
بەپێی ئامارێک کە لەلایەن رێکخراوی ئوموت لە شوباتی ئەمساڵدا بڵاوکراوەتەوە، لە ماوەی ساڵی رابردوودا 3368 شەڕ لە باکووری کوردستان و تورکیا روویانداوە کە چەک و ئامێری جیاوازیان تێدا بەکارهێندراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ