وانەبێژان لە بەغدان و فراکسیۆنە کوردستانییەکان پشتیوانی داواکانیانن

29-05-2024
ژیڤان بەکر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شاندێکی وانەبێژان بۆ دامەزراندنیان لە بەغدان و دەیانەوێت لە هەمواری بودجەی عێراق، پارە بۆ مووچەیان تەرخان بکرێت. نوێنەرێکیان دەڵێت "تەواوی فراکسیۆنە کوردستانییەکان، پشتیوانی داواکەمانن."
 
شاندەکە ئەمڕۆ (چوارشەممە) لە بەغدا لەگەڵ ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و چەند پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ و لایەنەکانی دیکە کۆبوونەوە.
 
کارۆخ عەبدوڵڵا، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ و بەشدار لە کۆبوونەوەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "پێشتر وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بە نووسراو داوای دابینکردنی 18 ملیار و 398 ملیۆن دیناری بۆ وانەبێژان کردبوو، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق رەتیکردووەتەوە و، سەرۆکوەزیرانیش گوتوویەتی ناتوانن پارە بۆ وانەبێژان دابین بکەن." 
 
کارۆخ عەبدوڵڵا گوتی؛ ئەوان داوا دەکەن لە بودجەی بەگەڕخستندا بڕی پارەی پێویست بگوازرێتەوە بۆ دامەزراندنی وانەبێژان و ئەوەش بە کۆدەنگی لە هەمواری بودجەی ساڵی 2024 دەبێت.
 
بڕیار رەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و بەشدار لە کۆبوونەوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "تەواوی فراکسیۆنەکان پشتگیریی داوای وانەبێژان دەکەن بۆ بەگرێبەستکردن، یان دامەزراندنیان بەشێوەی هەمیشەیی."
 
بڕیار رەشید گوتی: "هەموو هەوڵێک دەدەین لە خشتەکانی موناقەلەدا (گواستنەوەی بەشە بودجە لە بودجەی بەگەڕخستن) داوای وانەبێژان جێبەجێ بکرێت." 
 
لە راگەیێندراوێکدا هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بڵاوی کردووەتەوە، "باسی چەسپاندنی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان کرا، کە ژمارەیان 37 هەزار مامۆستا دەبێت و، بەهۆی نەبوونی بودجە لە هەرێمی کردستان سەردانی پەرلەمانی عێراقیان کردبوو."
 
هەرێم کەمال ئاغا ئاماژەی بەوەشکردووە، "فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پشتگیریی خۆیان بۆ داواکاری مامۆستایانی وانەبێژ دووپاتکردەوە، بەڵێنیشیان دا لە هەمواری بودجەی 2024 لە خشتەکانی موناقەلات یان لە چوارچێوەی بودجەی بەگەڕخستن (تەشغیلی) جێگایان بۆ بكرێتەوە."
 
بەگوێرەی رێنوێنیی ژمارە 14ـی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، ئەو مامۆستا وانەبێژانەی هەڵگری بڕوانامەی دیپلۆمن، مووچەیان 350 هەزار دینارە و هەڵگرانی بڕوانامەی بەکالۆریۆسیش 400 هەزار دینار وەردەگرن.
 
بەپێی ئاماری وەزارەتی دارایی و ئابووری، ژمارەی وانەبێژان لە هەرێمی کوردستان 37 هەزار 734 کەسە، بڕی بودجەی پێویست بۆ شایستە داراییەکانیان نزیکەی 13 ملیار و 700 ملیۆن دینارە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دوو وێنەی نارین.

دوای 19 رۆژ تەرمی نارینی هەشت ساڵان لە ئامەد دۆزرایەوە؛ باوک و برایەکی دەستگیرکراون

مورات زۆرئۆغڵو، پارێزگاری ئامەد رایگەیاند: "بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، نارین گورانی ونبوو، دوای کوشتنی خراوەتە ناو توورەکەیەکەوە و فڕێدراوە لێواری رووبارەکە. هەروەها بە بەرد و لق و پۆپی دار شاردبوویانەوە، بۆ ئەوەی هەر کەسێک لەوێوە تێپەڕێت، هیچ گومانێک نەکات."