هەولێر دیجیتاڵ
باوکی ئەو منداڵە نیڤشکانەی گوایە دەستدرێژیی کراوەتە سەر دەڵێت "یاسا سەروەرە و دەخوازین لە دانیشتنی داهاتوودا تاوانبار سزا بدرێت". گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانیش دەڵێت "دۆسییەکە لە دادگەیە و داوەر سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە."
نزار جەزا، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی دەڵێ "ئەمڕۆ (چوارشەممە، 29-5-2024) بڕیار بوو دووەم دانیشتنی دادگە لەبارەی کەیسەکەوە بەڕێوەبچێت، بەڵام دادگەی سلێمانی دوایخست. هەروەها بڕیار بوو کەسوکاری منداڵەکە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی بکەن، بەڵام ئەوانیش لەسەر بنچینەی رێنمایی پارێزەرانی کەیسەکە، پاشگەزبوونەوە و چاوەڕێی بڕیاری دادگە دەکەن و دواتر قسە بۆ راگەیاندنەکان دەکەن."
ئەو منداڵەی گوایە دەستدرێژیی کراوەتە سەر خاوەن پێداویستی تایبەتە. ئاراس عوسمان، سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزم ئەمڕۆ بە رووداوی گوت "تەمەنی منداڵەکە 13 ساڵ بوو. كچەکە خۆی سووتاندووە و گیانی لەدەستداوە."
باوکی منداڵەکە لەو بارەوە بە رووداوی گوت "ئێمە یازدە ساڵە دانیشتووی پێنجوێنین و لێرە دەژین؛ تاوانەکە لە پێنجوێن روویدا. کچەکەم نیڤشکان و تەمەنی 13 ساڵ بوو."
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند "ئەو رووداوە پار روویداوە؛ دۆسییەکە لە دادگەیە و داوەر خەریکی لێکۆڵینەوەیە."
باوکی منداڵەکە دەشڵێت "دۆسییەکە لە دادگەی سلێمانییە؛ چاوەڕێی بڕیاری دادگە دەکەین، یاسا سەروەرە و پارێزەرەکانمان دوای بڕیاری دادگەی سلێمانی، هەموو وردەکارییەکان بۆ راگەیاندنەکان دەخەنەڕوو."
باوکی منداڵەکە خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە و دایکیشی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە. تۆمەتبارەکە كەسێكی نزیك لە خۆیانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ