رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ناحیەی سەنگەسەر رایگەیاند، گەنجێکی دانیشتووی گوندی دەروکۆتری ناحیەی سەنگەسەری سەر بە قەزای پشدەر لە پارێزگای سلێمانی، لە بناری چیای قەندیل لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران کوژرا کە بەمەبەستی هێنانی ئاژەڵ چووەتە سنوورەکەوە.
رۆژی یەکشەممە، 29-5-2022، نەهرۆ عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ناحیەی سەنگەسەر لەبارەی کوشتنی گەنجەکەوە کە ناوی (کەیوان عەبدوڵڵا)یە بە رووداوی گوت، "رووداوەکە ئێوارەی رۆژی شەممە 28-5-2022 روویداوە و بەپێی قسەی کەسوکارەکەی، کەیوان بۆ هێنانی ئاژەڵ لە ئێرانەوە چووەتە ئەو سنوورە و لەلایەن هێزەکانی پاسدارانەوە تەقەی لێکراوە و کوژراوە، تەرمی کەیوان هێنراوەتەوە و لە دادپزیشکی سلێمانییە و بڕیارە ئەمڕۆ بهێنرێتەوە بۆ زێدی خۆی و بەخاک بسپێردرێت."
بەڕێوەبەری ناحیەی سەنگەسەر گوتیشی، "ئەو سنوورە تەنیا هێزی پاسدارانی لێیە و تاوەکو ئێستا نازانرێت بەدیاریکراوی کە ئەو گەنجە لە سنووری هەرێمی کوردستان کوژراوە یان لە ئێران، بەڵام لە ناوچە سنوورییەکان بووە."
بەڕێوەبەرەکەی ناحیەی سەنگەسەر ئەوەشی روونکردەوە کە هەفتەی رابردووش سوپای پاسداران چەند کەسێکی دەستگیرکرد و دواتر ئازادی کردن.
هەرێمی کوردستان و ئێران سنوورێکی درێژیان پێکەوە هەیە لە پارێزگای هەڵەبجەوە دەستپێدەکات تاوەکو دەگاتە سنووری پارێزگای هەولێر و ئەو سنوورە رۆژهەڵات و باشووری کوردستان لەیەکتر جیادەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ