بریکاری وەزیری پلاندانان: زانیارییە کەسییەکانی سەرژمێری پارێزراون

53 خولەک له‌مه‌وپێش
شیراز رەئوف
سیروان محەممەد، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
سیروان محەممەد، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بریکاری وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: لە ئەمڕۆوە راهێنانی قۆناخی سێیەمی بژمێرەکانی سەرژمێری دەستیپێکردووە و رۆژی 30-11 قۆناخی کۆتایی سەرژمێری دەستپێدەکات و لەماوەی 15 رۆژدا بە تەواوی کۆتایی بە پرۆسەکە دێت.
 
سیروان محەممەد، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: لە قۆناخی دووەمی سەرژمێری 99.99%ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان ژمێردران کە ئەوەش رێژەیەکە لە سەرووی ستانداردەکانی سەرژمێری و تەنانەت لە رێژەی سەرژمێریکردنی هاووڵاتییان لە عێراقیش زیاتر بوو، لەکاتێکدا لە عێراق ساڵ و نیوێک ئامادەکاریی بۆ سەرژمێری کرا، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بە دوو هەفتە ئامادەکارییەکان تەواوکران.
 
سەرژمێری تەنیا یەک قۆناخی ماوە، ئەویش فۆرمی پرسیارەکانە، سیروان محەممەد گوتی: "لەو قۆناخەدا نیشاندەرە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان دەردەکەون و ئەو ئەنجام و رێژانەی ئێستا".
 
سەبارەت بە کاتی تەواوبوونی سەرژمێرییەکە، سیروان محەممەد گوتی: "پلانمان داناوە لە ماوەی 15-16 رۆژدا بە تەواوی قۆناخی سێیەمی سەرژمێری جێبەجێ بکەین و کۆتایی بە پرۆسەکە بهێنین لە هەرێمی کوردستان".
 
بریکاری وەزارەتی پلاندانان گوتیشی: "قۆناخی سێیەم پێویستی بە قەدەخەی هاتووچۆ نییە، لە هەر خێزانێک تەنیا یەک ئەندامیان دەتوانێت لەبری هەموو خێزانەکە وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە و لەو قۆناخەش بژمێرەکان زیاتر ئێواران سەردانی ماڵان دەکەن، چونکە بە رۆژ بەشی زۆری خێزانەکان سەرقاڵی کارکردنن."
 
لەبارەی پارێزراویی ئەو زانیارییە کەسییانەی لە هاونیشتمانییان وەردەگیرێن، سیروان محەممەد گوتی: "هاونیشتمانییان زۆر دڵنیابن کە زانیارییە کەسییەکانیان پارێزراوە لە سەرژمێری و هیچ لایەن و دامەزراوەیەک ناتوانێت داوای زانیاریی کەسی هیچ کەسێک بکات کە لە سەرژمێرییەکەدا تۆماردەکرێن، تەنانەت حکومەتیش ناتوانێت زانیارییە کەسییەکان وەربگرێت، ئەگەر هەندێک حاڵەتی زۆر تایبەت نەبێت کە بەهۆی دۆسێیەکی گەورەوە دادگە بە فەرمی داوای زانیاریی کەسێک بکات کە لە سەرژمێری تۆمارکرابێت".
 
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی سەرژمێریی گشتیی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، ژمارەی دانیشتووانی عێراق و هەرێمی کوردسیان زیاتر لە 45 ملیۆن و 400 هەزار کەسە، کە ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان شەش ملیۆن و 370 هەزارو 668 کەسە. واتە 14٪ی کۆی دانیشتووانی عێراق.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە