پەروین فاتیح: پێنجشەممەی داهاتوو ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆدەبێتەوە

29-01-2024
ژیڤان بەکر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پەروین فاتیح، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رایگەیاند، لەدوای سوێندخواردنی ئەندامانی ئەنجوومەن، وا رێککەوتن پێنجشەممەی داهاتوو ئەنجوومەنی پارێزگا کۆببێتەوە. دەشڵێت، پۆستی پارێزگار بە مافی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەزانن.
 
رۆژی دووشەممە 29-01-2024 پەروین فاتیح، ئەندامی فراکسیۆنی کەرکووک هێز و ئیرادەمانە لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ سوێندی یاسایی خورا، پێنجشەممە یەکەم دانیشتن بەڕێوەدەچێت. ئەگەر پارێزگار (راکان جبووری) تاوەکو رۆژی پێنجشەممە سوێند بخوات، ئەوە خۆی سەرپەرشتیی دانیشتنەکە دەکات. بەڵام ئەگەر سوێندی نەخوارد، بەدڵنیاییەوە من کارە یاساییەکانی یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەڕێوەدەبەم."
 
 ئەمڕۆ سەرجەم ئەندامە هەڵبژێردراوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، جگە لە راکان جبووری، لە دادگای تێهەڵچوونەوەی کەرکووک سوێندی یاساییان خوارد و بە فەرمی بوونە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا.
 
بەپێی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکان، لە دوای سوێندخواردنی ئەندامان، بە تەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەنەکە سەرپەرشتی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا دەکات، کە سەرۆکی ئەنجوومەن و جێگرەکانی تێدا هەڵدەبژێردرێن. راکان جبووری کە بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەنەکەیە سوێندی یاسایی نەخواردووە، ئەگەر تاوەکو پێنجشەممە سوێندەکە نەخوات، ئەوا پەروین فاتیح وەکو دووەم بە تەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەن سەرپەرشتی یەکەم کۆبوونەوە دەکات.
 
پەروین فاتح، گوتی، "لە ئەمڕۆوە ئێمە بەفەرمی دەوام دەکەین، رۆژانی ئاییندە بۆمان روون دەبێتەوە کە ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک سوێند دەخوات یان نا. ئێمە ئامادەکاریمان بۆ رێکارەکان و هەموو ئەگەرەکان کردووە."
 
رۆژی 18ی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق بەڕێوەچوو، رۆژی 21ی کانوونى دووەم، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق، ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى پەسند کرد. 
 
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکدا، هیچ کام لە لیستە بەشدارەکان زۆرینەیان بەدەستنەهێناوە، بۆیە هەڵبژاردنی پارێزگا پێویستی بە هاوپەیمانییە. لەو هەڵبژاردنەدا کورد حەوت کورسی، عەرەب شەش کورسی، تورکمان دوو کورسی بەدەستهێناوە لەگەڵ کورسییەکی کۆتا بۆ کریستیان.
 
لەبارەی پۆستی پارێزگار، پەروین فاتیح گوتی، "پۆستی پارێزگار ئەگەر بە زۆرترین کورسی و زۆرترین دەنگدەر بێت، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان یەکەم لیستە لەسەر ئاستی پارێزگای کەرکووک. بەڵام هاوکات یەکێتی هەوڵی خۆشگوزەرانی خەڵکی کەرکووکی داوە، نەک کێشە و ململانێ، کێ دانێین و کێ دانەنێین؛ بەڵام وەکو ماف، مافی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانە."
 
بەگوێرەى یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکانى عێراق، دەبێت لە 15 رۆژدا دوای پەسندکردنى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنەکان، پارێزگارى شارەکە داواى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى نوێ بکات، ئەگەرنا لە رۆژى 16یەمیندا ئەنجوومەنەکە بە سەرۆکایەتیی بەتەمەنترین ئەندامى کۆدەبێتەوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دوو وێنەی نارین.

دوای 19 رۆژ تەرمی نارینی هەشت ساڵان لە ئامەد دۆزرایەوە؛ باوک و برایەکی دەستگیرکراون

مورات زۆرئۆغڵو، پارێزگاری ئامەد رایگەیاند: "بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، نارین گورانی ونبوو، دوای کوشتنی خراوەتە ناو توورەکەیەکەوە و فڕێدراوە لێواری رووبارەکە. هەروەها بە بەرد و لق و پۆپی دار شاردبوویانەوە، بۆ ئەوەی هەر کەسێک لەوێوە تێپەڕێت، هیچ گومانێک نەکات."