ئەمڕۆ یادی 12 ساڵەی کۆمەڵکوژییەکەی رۆبۆسکی دەکرێتەوە

28-12-2023
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمڕۆ 12 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژییەکەی رۆبۆسکی لە ناوچەی قلەبان سەر بە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان تێپەڕدەبێت. هەموو ساڵیک لەم رۆژەدا یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژییەکە لە گۆڕستانی گوندی بێجهـ لە ناوچەی قلەبان دەکرێتەوە و کەسوکاری قوربانییەکان داواکاری خۆیان بۆ دادپەروەری دووپاتدەکەنەوە. 
 
بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە بەشداری پارتە سیاسییەکان و رێکخراوە مەدەنییەکان، لە گوندەکانی بێجهـ و رۆبۆسکی رێوڕەسمی یادی قوربانییانی کۆمەڵکوژییەکە بەڕێوەبچێت.
 
چاوەڕوان دەکرێت تولای حاتمئۆغوڵڵاری ئۆروچ، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان-دەم پارتی و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی ئەو پارتە بەشداری لە رێوڕەسمەکەدا بکەن. 
 
12 ساڵ لەمەوبەر و له‌ 28ی کانوونی یەکەمی 2011دا، لە گوندەکانی بێجهـ و رۆبۆسکی سەر بە پارێزگای شرنەخ لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، 34 هاونیشتمانی سڤیل کە لە باشووری کوردستان دەگەڕانەوە لە ناوچەی حەفتانین گیانیان لەدەستدا، لەوانە 19یان مێرمنداڵ بوون. ئەمە لە کاتێکدایە هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لەو بازرگانییەی سەر سنوور ئاگادار بوون.
 
دوای کۆمەڵکوژییەکە، داواکاری گشتیی ئامەد دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد. دوای تێپەڕبوونی یەک ساڵ و نیو بەسەر کۆمەڵکوژییەکەدا و بە پاساوی ئەوەی لێکۆڵینەوە لەو دۆسیەیە لە دەسەڵاتیاندا نییە، دۆسیەکە گوێزرایەوە بۆ داواکاری گشتیی سەربازیی سەرۆکایەتیی ئەرکانی سوپای تورکیا. داواکاری گشتیی سەربازی لە کانوونی دووەمی 2014دا بێ سزادانی بکەرانی تاوانەکە، دۆسیەکەی داخست. 
 
کەسوکاری قوربانیان لە 2016دا دۆسیەکەیان گواستەوە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و لە 17ی ئایاری 2018 دادگەی مافی مرۆڤ لە ئەوروپا رایگەیاند، پارێزەرانی کەیسەکە لە ماوەی 15 رۆژدا بەڵگەی پێویستیان ئامادە نەکردووە و هەر بۆیە دۆسیەکەیان رەتکردەوە.
 
لە 9ـی نیسانی 2021دا کەسوکاری قوربانیان بۆ سەرلەنوێ جووڵاندنی دۆسیەی کۆمەڵکوژیی رۆبۆسکی، سەردانی دادگەی دەستوورییان کرد. 
 
خێزانی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی کۆمەڵکوژییەکە گیانیان لەدەستدا، وەرگرتنی پارەی خوێنیان رەتکردەوە و داوایان کرد بەرپرسانی کۆمەڵکوژییەکە بدرێنە دادگا، بەڵام دوای تێپەڕبوونی نزیکەی 11 ساڵ تاوەکو ئێستا بەهۆی ئەو کۆمەڵکوژییەوە هیچ بەرپرسێکی تورکیا دادگایی نەکراوە. 
 
لە ماوەی رابردوودا حەسیپ کاپڵان، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان-دەم پارتی رایگەیاند، دوای کۆمەڵکوژیی رۆبۆسکی، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە رێگەی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامی خێزانی قوربانیانی رۆبۆسکی کۆبووەوە. 
 
حەسیپ کاپڵان کە لە کاتی کۆمەڵکوژییەکەی رۆبۆسکی بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپەی ئەوکات بوو لە پەرلەمانی تورکیا دەڵێت، ئەردۆغان داوای لە دەمیرتاش کرد نێوەندگیر بێت بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ خێزانی قوربانیانی کۆمەڵکوژیی رۆبۆسکی و لە 26ی تەمموزی 2013 و لە میانی بەشداریکردنیدا لە رێوڕەسمی کردنەوەی فڕۆکەخانەی شەرەفەدین ئەلچی لە جزیرەی شرناخ، تا کاژێر 22:00ی ئەو شەوە لەگەڵ 5-6 خێزانی قوربانیانی رۆبۆسکی کۆبووەوە. 
 
کاپڵان ئاکپارتی بە پەردەپۆشکردنی رووداوەکە تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، کەسوکاری قوربانیانی رۆبۆسکی هێشتا لە چاوەڕوانی دادپەروەریدان. 
 
هاوکات عەلی باباجان، سەرۆکی گشتیی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن رۆژی 6ی نیسانی 2021 لە گوتارێکدا کە لە یەکەمین کۆنگرەی رێکخستنەکانی پارتەکەی لە شاری شرنەخ پێشکێشی کرد، رایگەیاند، لێپرسینەوەیەکی یاسایی و کاریگەر لەسەر ئەو رووداوە نەکراوە، هیچ کەسێک باجی ئەو رووداوەی نەداوە و پەردەی لەسەر لانەدراوە، تەنانەت تاوەکو ئەمڕۆ کەسێک داوای لێبووردنیشی نەکردووە.
 
دوای ئەو گوتارەی عەلی باباجان، ماڵباتی قوربانیانی رۆبۆسکی لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە داوایان لە باباجان کرد سەردانی داوکاری گشتی بکات و وەک بەرپرسێکی باڵای ئەوکاتەی حکومەتی تورکیا کە لە کاتی کۆمەڵکوژییەکەدا یاریدەدەری سەرۆکوەزیران بوو، باسی وردەکارییەکانی رووداوەکە بکات و راستییەکان ئاشکرا بکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی ئەرشیڤیی بارانبارین لە هەولێر، وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

کەشناسان: هێشتا پەڵەی نەداوە

شارەزایانی کەشناسی دەڵێن، تاوەکو ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان پەڵەی تەواوی نەداوە. ئەندازیارێکی کشتوکاڵیش لە هەولێر باس لەوە دەکات، بارانێکی دیکەی وەک 24 کاژێری رابردوو ببارێت، پەڵە دەدات.