رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رەتیدەکاتەوە پەیوەندییان بە هێرشەکەی چوارشەممەی رابردووی ئەنقەرەوە هەبێت و دەڵێت، ئەوان "لە تورکیا و باکووری کوردستان" چالاکی ناکەن. هۆشدارییش دەدات کە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەبنە هۆی شکستهێنانی هەوڵەکانی گفتوگۆ لەنێوان قامشلۆ و ئەنقەرە.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کە بە مەزڵوم کۆبانیش دەناسرێت، دەڵێت، "دوای ئەوەی ئەو چالاکییە کرا و بانگەشەکانی دەوڵەتی تورکمان بیستن، لەنێو خۆماندا دەستمان بە لێکۆڵینەوە کرد. گەیشتینە ئەو ئەنجامەی هیچ یەک لەو چالاکڤانانە لە خاکی سووریاوە نەچوونەتە تورکیا."
لە هێرشەکەی سەر دامەزراوەی پیشەسازیی بۆشایی ئاسمان و فڕۆکەوانیی تورکیا لە پایتەختی ئەو وڵاتە، 5 کەس کوژران و 22ی دیکەش بریندار بوون. باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی گرتە ئەستۆ، کە لەلایەن دوو هێرشکارەوە کرا.
هێرشکارەکان کە هەر لەوێ کوژران، بە گوتەی بەرپرسانی ئەنقەرە، لە سووریاوە چوونەتە خاکی تورکیا.
لەدوای ئەو هێرشە، تورکیا نزیکەی 50 شوێنی لە رۆژئاوای کوردستان و پێگەی پەکەکەی لە باشووری کوردستان بۆردوومان کردن. هەسەدە گیانلەدەستدانی 15 سڤیل و دوو شەڕڤان و یەکینەکانی پاراستنی شنگال (یەبەشە) گیانلەدەستدانی 6 شەڕڤانیان راگەیاند.
مەزڵوم عەبدی دەڵێت، "بابەتەکە ئەوە نییە کە تورکیا بیەوێت وەڵامی چالاکییەکەی ئەنقەرە بداتەوە. [بەڵکو] ئامانجی دیکەی هەیە و راستەوخۆ ژێرخان دەکاتە ئامانج، ئەو سەرچاوانەی کە ژیانی خەڵکی لەسەرە، دەکاتە ئامانج."
مەزڵوم عەبدی پێیوایە، "ئامانجی سەرەکیی" تورکیا لەو هێرشانە، "لاوازکردنی دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و لەنێوبردنی" قەوارەکە و "دەربەدەرکردنی خەڵکەکەمانە." دەشڵێت، ئەنقەرە دەیەوێت ئەو دۆخەی بەهۆی شەڕی ئیسرائیل لە دژی غەززە و حیزبوڵڵای لوبنان دروستبووە، بقۆزێتەوە "بۆئەوەی ئەو شتانە بکات کە پێشتر نەیدەتوانی بیانکات."
کۆبانی جەخت دەکاتەوە، "ئێمە پێشتر چەندین جار روونمان کردووەتەوە، ئێمە وەکو هەسەدە، لە خاکی تورکیا و باکووری کوردستان چالاکی ناکەین." جەختیشی کردەوە، "ئەو گۆڕەپانەی شەڕی تێدا دەکەین، خاکی سووریایە."
"کەمکردنەوەی گرژییەکان"
مەزڵوم عەبدی ئاماژەی بەوە کرد، "بۆ دروستبوونی گفتوگۆ و کەمکردنەوەی گرژییەکان،" هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش نێوەندگیری لەنێوان ئەوان و تورکیادا دەکەن، هەروەها گوتی لەسەر ئاستی سیاسیش لەو پێناوەدا کار دەکرێت.
بەڵام هۆشداریشی دا لەوەی، "بەردەوامبوونی ئەم جۆرە هێرشانە زیان بەم هەوڵانە دەگەیێنێت و پووچەڵیان دەکاتەوە."
چالاکڤانە خۆجێییەکانی سووریا رایانگەیاند، تورکیا لە رۆژی چوارشەممەوە، زیاتر لە 100 هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر ناوچەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کە زۆربەیان لە رێگەی درۆنەوە بوون.
لە هێرشەکاندا نانەواخانە، سایلۆ، وێستگەی کارەبا، پاڵاوگە و کێڵگەی نەوت و خاڵە سەربازییەکانی شەڕڤانان کرانە ئامانج.
"هەڵبژاردنەوەی ترەمپ پشتیوانیی هەسەدە لاواز دەکات"
هەسەدە سەرە رمی شەڕی دژی داعش بوو لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا کە ساڵی 2019، بە گرتنەوەی باغۆز، تێکشکاندی رێکخراوە پەڕگیرەکەی راگەیاند. واشنتن هێشتاش وەک "هاوبەشێکی سەرەکیی" شەڕی دژی سەرهەڵدانەوەی داعش، هەسەدە دەبینێت.
نزیکەی 900 سەربازی ئەمریکی لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان جێگیرکراون کە زۆربەیان لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردان.
مەزڵوم عەبدی رەخنە لە ئەمریکا دەگرێت بەوەی هێزەکانی هەسەدە لە دژی هێرشەکانی تورکیا ناپارێزێت و دەڵێت، هەڵوێستی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش کە ئەمریکا سەرکردایەتیی دەکات، "لاواز دیارە."
کۆبانی لە بارەی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە دەڵێت: "کاردانەوەیان لە ئاستی پێویستدا نەبووە. پێویستە گوشار لە تورکیا بکرێت،" چونکە هێرشەکان "تەنیا پەیوەندییان بە ئێمەوە نییە، بەڵکو کاریگەریی لەسەر هێزەکانی ئەوانیش هەیە."
مەزڵوم عەبدی ئاماژەی بەوە کرد، دەکرێت هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کە 5ی مانگی داهاتووە، پشتیوانیی ئەمریکا واشنتن بۆ هەسەدە لاواز بکات ئەگەر دۆناڵد ترەمپ هەڵببژێردرێتەوە.
ساڵی 2019، ترەمپ بڕیاریدا هەزاران سەربازی ئەمریکی لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە بکشێنێتەوە، بەوەش رێگەی بۆ تورکیا خۆشکرد تاوەکو لە هەمان ساڵدا لەشکرکێشی بکاتە سەر ئەو ناوچانە.
فەرماندەی هەسەدە دەڵێت: "ساڵی 2019، ئەزموونێکی شکستخواردوومان لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدا هەبوو. بەڵام پشتڕاستین لەوەی ئەمریکا" بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکەدا، "بڕیاردەدات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ