رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان، 11 ناوچە وەکو "ناوچەی ئەمنیی تایبەت" ناسێندران و بۆ ماوەی 15 رۆژ هاتووچۆ تێیاندا قەدەخە کرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوێک، کە رۆژی پێنجشەممە، 27ـی تەممووزی 2023 لەلایەن پارێزگای شرنەخ بڵاوکراوەتەوە، لە سنووری پارێزگاکە 11 ناوچەی سەر بە شارۆچکەی قلەبان وەک "ناوچەی ئەمنی تایبەت" ناسێندراون و بۆ ماوەی 15 رۆژ هاتووچۆ بۆ ئەو ناوچانە قەدەخە کراوە.
پارێزگای شرنەخ رایگەیاند، قەدەخەکردنەکە لە 27ـی تەممووزی 2023 ـەوە دەستپێدەکات و تاوەکو 10ـی ئابی 2023 بەردەوام دەبێت.
لە راگەیێندراوەکەی پارێزگەی شرنەخدا هاتووە، بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی، دەستەبەرکردنی سەلامەتی گشتی، رێگری لە تاوان و پاراستنی ماف و ئازادییەکانی دیکە، ئەو ناوچانە وەک ناوچەی ئەمنیی تایبەت راگەیێندراون.
پارێزگای شرنەخ هۆشداری داوەتە خەڵکی کە لە پێناو سەلامەتی خۆیان نەچنە ناوچە سنووردارەکان و ئاماژەی بەوەداوە کە ناوچە قەدەخەکراوەکان لە ماڵپەڕی فەرمی پارێزگای شرنەخ دەستنیشان کراون.
لەلایەکی دیکەوە هەمان رۆژ فەرماندەیی هێزەکانی جەندرمە لە پارێزگای مێردین، بۆ ماوەی 15 رۆژ بڕیاری قەدەخەی ناوچەی ئەمنی تایبەتی لە 11 ناوچەی سەربە شەش شارۆچکەی مێردین راگەیاند.
سوپای تورکیا لەم دواییانەدا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژ بە گەریلاکانی پەکەکە لەسەر سنووری باکوور و باشووری کوردستان و چەند پارێزگایەکی دیکەی باکووری کوردستان زیادکردووە، بەو هۆیەوە قەدەخەی هاتووچۆ و ناوچەی ئەمنی تایبەت لە ناوچەکەدا رادەگەیەنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ