رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئێران سبەی پێنجشەممەی وەکو رۆژی جەژنی قوربان دیاریکردووە و بەو هۆیە هاونیشتمانییانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دوو رۆژی جیاوازدا جەژن دەکەن؛ سوننەکان ئەمڕۆیان کردە جەژن و شیعەمەزهەبەکانیش سبەی.
نوێژی جەژنی قوربان لە مزگەوتەکانی نێو شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستان کرا، دانیشتووانی شارەکە سوننە مەزهەبن و لەگەڵ سوننەکانی دیکەی جیهان، جەژنیان کرد. حکومەتی ئێران رۆژی پێنجشەممەی کردووەتە جەژن، بەڵام سوننە مەزهەبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پابەندی ئەو بڕیارە نەبوون.
لە رۆژهەڵاتی کوردستان جەژن یەک رۆژە. لەو رۆژەدا دوای نوێژکردن و خواردنی ژەمی جەژن، خەڵک بۆ جەژنە پیرۆزە و گەردن ئازادی سەردانی دەروجیران، کەسوکار و ئەوانە دەکەن کە کێشەیەکیان هەیە یان بە تازەیی ئازیزێکیان لەدەستداوە.
سەرەڕای ئەوەی لەنێو زۆربەی سوننەکانی پارێزگاکانی کرماشان، سنە و ورمێ جەژنی قوربان بوو، بەڵام دامودەزگا حکومییەکانی ئەو ناوچانە نەکرانە پشوو و دەوامی فەرمانگەکان ئاسایی بوو.
هاونیشتمانییانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن، خراپی دۆخی ئابووری و گرانی نرخی شتوومەک و پێداویستییەکان، کاریگەرییان لەسەر جەژن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان داناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ