رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری سەربڕخانەی هەولێر دەڵێت، لە سێ رۆژی جەژندا هەزار و 164 سەر ئاژەڵ لە سەربڕخانەکەیان سەربڕدراون، بەڕێوەبەری سەربڕخانەی سلێمانی دەڵێت، 98 تۆن گۆشتیان رادەستی هاونیشتمانیان کردووە؛ خاوەنی سەربڕخانەی دهۆکیش دەڵێت، لە سێ رۆژەکەدا تەنیا 17 ئاژەڵیان سەربڕیوە.
رۆژی شەممە 1-7-2023، هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری سەربڕخانەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە سێ رۆژی یەکەمی جەژندا هەزار و 164 سەر ئاژەڵ لە سەربڕخانەکەیان سەبڕدراون و زیاتر لە تۆنێک گۆشتیش بەهۆی دەرنەچوونەوە لە پشکینین رەتکراوەتەوە و لەنێوبراوە.
بەگوێرەی داتای سەربڕخانەی هەولێر بۆ رووداو، یەکەم رۆژی جەژن 247 سەر ئاژەڵ سەربڕدراون، 73 وڵاخ و 164 مەڕوماڵات؛ 381 کیلۆ گۆشتیش بەهۆی دەرنەچوونەوە لە پشکینین رەتکراوەتەوە و لەنێوبراوە.
رۆژی دووەم، 341 سەر ئاژەڵ سەربڕاون؛ 93 وڵاخ و 248 سەر مەڕوماڵات؛ هەمان رۆژ 542 کیلۆ گۆشت بەهۆی دەرنەچوونەوە لە پشکنین رەتکراوەتەوە و لەنێوبراوە.
رۆژی سێیەمی جەژن 576 سەر ئاژەڵ سەربڕاون؛ 152 وڵاخ و 248 مەڕوماڵات؛ هاوکات 490 کیلۆ گۆشت بەهۆی دەرنەچوونەوە لە پشکنین رەتکراوەتەوە و لەنێوبراوە.
هەروەها شاڵاو عارف، بەڕێوەبەری سەربڕخانەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە سێ رۆژی جەژندا 98 تۆن گۆشت رادەستی هاونیشتمانییان کراوە کە لە رووی تەندروستی و بەهای خۆراکییەوە شیاوبووە بۆ قوربانیکردن".
بەڕێوەبەری سەربڕخانەی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، 2 تۆن و 750 کیلۆ گۆشت رەتکراوەتەوە کە شیاو نەبووە بۆ خواردن.
لە دهۆک کەمترین ئاژەڵ لە سەربڕخانە سەربڕدراوە. رەشید حەکیم، خاوەنی سەربڕخانەی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە سێ رۆژی جەژندا تەنیا 17 سەر ئاژەڵیان سەربڕیوە؛ 10 گوێرەکە و 7 مەڕ.
رەشید حەکیم گوتی، وێڕای هۆشداریدان لە مەترسیی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون، لە سنووری دهۆک قوربانی زۆر کراوە و هەمووی لە ماڵی خۆیدا ئاژەڵەکەی سەربڕیوە.
ساڵانە لەکاتی جەژنی قورباندا بەشێکی هاونیشتمانیان قوربانی دەکەن؛ ئەمساڵ وێڕای هۆشداریش بە مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون، زۆرینەی خەڵک لەنێو ماڵەکانیان قوربانییان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ