شوێنەوارێکی لۆلۆییەکان لە سلێمانی دەدۆزرێتەوە

28-05-2024
ژیڤان بەکر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

شوێنەوارێک لە سلێمانی دۆزرایەوە كە مێژووەكەی بۆ 3500 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. شوێنەوارناسێکیش دەڵێت، "لە كۆشكێک، نووسینی مێخی، دوو ناوی كوردی كۆن و چەند مۆرێک پێکهاتووە."
 
ئەمڕۆ سێشەممە 28-05-2024 د. دڵشاد عەزیز مارف، شوێنەوارناس و مامۆستای زانکۆ لەوبارەوە بە رووداوی گوت، "ئەو شوێنەی کە شوێنەوارەکەی لێ دۆزراوەتەوە، لە ساڵی هەشتاکانی سەتەی رابردوودا وەکو شوێنەوار تۆمار کراوە. لە ساڵی 2017وە لە دەوروبەری کەمپی زانکۆی سلێمانی ئیش دەکەین و لە ساڵی 2021ـەوە دەستمان بە فراوانکردنی کارەکە کردووە."
 
بە گوتەی ئەو شوێنەوارناسە کە سەرۆکی تیمەکەیە، تیمێكی شوێنەواری زانكۆی سلێمانی، شوێنەوارێكی دێرینیان لە نزیک گەڕەكی سەرچناری سلێمانی دۆزیوەتەوە كە مێژووەكەی بۆ 3500 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.
 
د. دڵشاد عەزیز دەڵێت، "شوێنەوارێكی مێژوویی بەناوی دێکۆن لە نزیک گەڕەكی سەرچنار دۆزراوەتەوە، بۆ سەردەمی لۆلۆییەكان دەگەڕێتەوە. شوێنەوارەكە پێكهاتووە لە كۆشكێک، نووسینی مێخی، دوو ناوی كوردیی كۆن و چەند مۆرێک كە ناوی خواوەندەکانی لەسەرە. لۆلۆییەكان 5000 ساڵ لەمەوبەر لەو ناوچەیە ژیاون."
 
سەرۆکی تیمەکە دەشڵێت، "گەلی لوولوو یان لۆلۆبییەکان، لەنێوان دەشتی کۆیە تاوەکو دەگاتە هەڵەبجە، ژیاون. لەو شوێنە کۆشکێکیان دروستکردووە، کۆشکەکە هۆڵی پاشای لێیە کە تەختی شاهانەی لەناوە؛ گەنجینە و ژووری دیکەشی هەیە. چەند تابلۆیەکی مێخیمان تێدا دۆزیوەتەوە کە دەقی ئایینی و نزای تێدایە؛ هاوکات دەقی ئابووری و مۆری لێبووە، مۆرەکان بۆ لایەنی کارگێڕی بەکارهاتوون. مۆرەکانیش نووسینی مێخی لەسەرە، ناوی چەند خواوەندێکیان لەسەر نووسیوە، یەکێ لەو ناوانەی ئێستا دەمانەوێت بڵاوی بکەینەوە، ناوی خواوەند بانوو-ە."
 
لەنێو چێشتخانەی کۆشکەکەدا، گۆزە و پەرداخی گڵ، ئێسکی ئاژەڵ دۆزرانەتەوە و ئەو کەلوپەلانەی رۆژانە خواردوویانن و بەکاریان هێناون.
 
د. دڵشاد عەزیز ئاماژەی بەوەشدا: "کۆشکەکە سووتێندراوە، وا دیارە دوژمنێک پەلاماری داوە. نموونەمان لە ئێسک و خەڵووزی سووتاو بۆ تاقیگە هەڵگرتووە. دۆزینەوەی ئەو کۆشکە وا دەکات مێژووی شارنشینی لە سلێمانی بگۆڕێت، باسی بابان نەکەین و مێژووی شارنشینیی سلێمانی دووبارە بنووسرێتەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دوو وێنەی نارین.

دوای 19 رۆژ تەرمی نارینی هەشت ساڵان لە ئامەد دۆزرایەوە؛ باوک و برایەکی دەستگیرکراون

مورات زۆرئۆغڵو، پارێزگاری ئامەد رایگەیاند: "بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، نارین گورانی ونبوو، دوای کوشتنی خراوەتە ناو توورەکەیەکەوە و فڕێدراوە لێواری رووبارەکە. هەروەها بە بەرد و لق و پۆپی دار شاردبوویانەوە، بۆ ئەوەی هەر کەسێک لەوێوە تێپەڕێت، هیچ گومانێک نەکات."