رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، وەزیری دارایی عێراق پێی راگەیاندووە، "لیستی هەر وەزارەتێک بە ناو بۆم هاتبێت، مووچەی ئەو وەزارەتەم ناردووە."
ئەمڕۆ سێشەممە 28-05-2024 جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە رووداوی گوت، "لە كۆبوونەوەی دوێنێی لیژنەی دارایی، لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق بۆ مووچەی مانگی نیسانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان پرسیارم لە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق كرد. لە وەڵامدا گوتی: هەر وەزارەتێک لیستەكەیان بە ناو رەوانە کردبێت، مووچەكەیانم بۆ ناردووە."
بە گوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی، "تەیف سامی داوای ناو دەکات، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی بە کۆد ناردووە؛ ئەوەی ناوی ناردبێت مووچەکەیانی بۆ خەرج کردووە."
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی، "وەزیری دارایی عێراق پێی گوتین، لیژنەیەک بۆ بەبانكیكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێكهێندراوە و حكومەتی عێراق دەیەوێت بەبانكیكردنی مووچە لە رێگەی بانكە حكومییەكانەوە بێت."
جەمال كۆچەر ئەوەیشی لەبارەی مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خستەڕوو کە "لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق، باسی مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانمان نەکردووە."
ئەمەش لە کاتێکدایە، مووچەی مانگی نیسانی هەموو وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دابەش کراوە جگە لە مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ