دوای هەواڵێکی رادیۆی رووداو کێشەی گەڕەکێکی هەولێر چارەسەر کرا

28-03-2021
رێبوار عەلی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەک لە دانیشتووانی گەڕەکی ژیانی هەولێر لەڕێگەی رادیۆی رووداوەوە داوادەکەن شارەوانیی هەولێر رێگە لەو کەسانە بگرێت کە زبڵ و پاشماوەی بیناسازی لەو گەڕەکە فڕێدەدەن، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی هەولێریش دەڵێت: "سزای ئەو کەسانە دەدەین پاشماوەی بیناسازی لەو گەڕەکە فڕێدەدەن".
 
دکتۆر فەرمان غەفووری، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی هەولێر لەبارەی فڕێدانی زبڵ و پاشماوەی بیناسازی لە گەڕەکی ژیانی هەولێر، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "دوای ئەوەی رادیۆی رووداو پەیوەندی پێوەکردین لەسەر بوونی پاشماوەی بیناسازی لە گەڕەکی ژیان ئێمە تیمەکانمان ناردن و ئەو شوێنەمان پاککردەوە".
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی هەولێر گوتی: "هەرچەندە ئێمە شوێنی دیاریکراومان هەیە بۆ فڕێدانی پاشماوەکانی بیناسازی، بەڵام تێبینیمان کردووە لەو شوێنە خەڵک پاشماوەی بیناسازی فڕێدەدات، بەڵام ئەوانە لەکاتی ئاسایی ئەو کارە ناکەن، بەڵکو لە درەنگانی شەو یان لەکاتەکانی پشوودا دەیکەن. 
 
هەروەها فەرمان غەفوور داوا لە هاونیشتمانیان دەکات بۆ هاوکاریکردنیان لە رێگریکردنی فڕێدانی پاشماوەی بیناسازی و دەڵێت: "ئەرکی خەڵکە هاوکاریمان بکەن و هەر کاتێک بینیان کەسێک سەرپێچی دەکات و پاشماوەی بیناسازی یان زبڵ لەو شوێنە فڕێدەدات لە رێگەی ژمارە تەلەفۆنی 07511624550 ئاگادارمان بکەنەوە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە