رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان، هاتوچۆی هاووڵاتییان بۆ چیای گابار بۆ ماوەی 15 رۆژ قەدەخە کرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوێک، کە لەلایەن پارێزگای شرنەخەوە بڵاوکراوەتەوە، چیای گابار لە سنووری ناوەندی شاری شرنەخ و شارۆچكەی باسانە، وەکو "ناوچەی ئەمنیی تایبەت" ناسێندراوە و بۆ ماوەی 15 رۆژ چوون و هاتنی خەڵک بۆ ئەو ناوچەیە قەدەخە کراوە.
بڕیاری قەدەخەکردنەکە لە ئەمڕۆ چوارشەممە، 27ـی کانوونی یەکەمی 2023 ـەوە دەستپێدەکات و تاوەکو 10ـی کانوونی دووەمی 2024، بەردەوام دەبێت.
پارێزگای شرنەخ رایگەیاندووە، بە مەبەستی پاراستنی ئاساییشی نەتەوەیی، دەستەبەرکردنی سەلامەتیی گشتی، رێگری لە تاوان و پاراستنی ماف و ئازادییەکانی دیکە، ئەو ناوچانە وەک ناوچەی ئەمنیی تایبەت راگەیێندراون.
سوپای تورکیا لەم دواییانەدا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژ بە گەریلاکانی پەکەکە لەسەر سنووری باکوور و باشووری کوردستان و چەند پارێزگایەکی دیکەی باکووری کوردستان زیادکردووە، بەو هۆیەوە قەدەخەی هاتووچۆ و ناوچەی ئەمنیی تایبەت لە ناوچەکەدا رادەگەیێنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ