رووداو دیجیتاڵ
بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.3 پلەی رێختەر لە پارێزگای مەلەتیی باکووری کوردستان روویدا. وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، سەرجەم تیمەکانی ئافاد و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان راسپێردراون بەدواداچوون بکەن.
بە گوێرەی راگهیێندراوێكی سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا - ئافاد، کاژێر 10:55 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 27ـی کانوونی یەکەمی 2023، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.3 پلەی رێختەر لە شارۆچكەی وێرانشاری سەر بە ناوەندی شاری مەلەتیی لە قووڵایی 9.69 کیلۆمەتر روویداوە.
بوومەلەرزەکە لە پارێزگاکانی روها و سەرمسووری باکووری کوردستان هەستیپێکراوە و دڵەڕاوکێی لەنێو خەڵکدا دروستکردووە.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، سەرجەم تیمەکانی ئافاد و دامودەزگە پەیوەندیدارەکان راسپێردراون بۆ ئەنجامدانی رووپێوی مەیدانی و سات بە سات بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکان دەکەن.
لەدوای بوومەلەرزەکانی 6ـی شوباتی ئەم ساڵ کە بە گوڕەکانی 7.7 و 7.6 لە دوو شارۆچکەی پارێزگای مەڕەش روویاندا و زیانیان بە هەشت پارێزگای باکووری کوردستان، سێ پارێزگای تورکیا و بەشێکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا گەیاند، زیاتر لە 10 هەزار بوومەلەرزە و پاشلەرزە لە باکووری کوردستان و تورکیا تۆمارکراون.
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، بەهۆی بوومەلەرزەکانی شوباتەوە 50 هەزار و 500 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا و 6 هەزار کەس لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا گیانیان لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ