رووداو دیجیتاڵ
لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا کە لە پارێزگای ئەرزەرۆمی باکووری کوردستان کرا، 10 کەس بە تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ پەکەکە دەستبەسەرکران، بە بڕیاری دادگە دوو کەسیان خرانە زیندانەوە.
فەرماندەیی جەندرمەی ئەرزەڕۆم رۆژی پێنجشەممە، 26ـی ئەیلوول رایگەیاند، لە ناوەندی شاری ئەرزەڕۆم و چەند شارۆچکەیەکی ئەو پارێزگایە لێکۆڵینەوەیان لە دژی ژمارەیەک کەس دەستپێکردووە کە گومانیان لەسەرە لە رۆژانی 6-8 ـی تشرینی یەکەمی 2014دا بەشدارییان لە چالاکییەکانی رووداوەکانی کۆبانێ کردبێت و لە سۆشیاڵ میدیادا بانگەشەیان بۆ "پەکەکە/کەجەکە-یەپەگە/پەیەدە" دەکەن.
بەپێی زانیارییەکانی فەرماندەیی جەندرمەی ئەرزەڕۆم، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا ناسنامەی حەوت تۆمەتبار لە شارۆچکەی گۆگسی، سێ تۆمەتبار لە شارۆچکەی تاتۆس، دوو تۆمەتبار لە شارۆچکەکانی خنوس و ئاڤنیک دەستنیشانکراون.
بەپێی زانیارییەکان لە ئۆپەراسیۆنەکەدا 10 کەسیان دەستبەسەرکراون و هێزەکانی سەربە فەرماندەیی جەندرمە بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ دەستبەسەرکردنی دوو کەسەکەی دیکە.
ئێوارەی هەمان رۆژ دوای وەرگرتنی گوتەکانیان 10 کەسە دەستبەسەرکراوەکە رەوانەی دادگە کران. دوو کەسیان بە فەرمانی دادگە خراونەتە زیندانەوە و هەشت کەسەکەی دیکەش ئازاد کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ