مستەفا چاوڕەش: بەشداریی نێچیرڤان بارزانی لە کۆنگرەی یەکێتی هەنگاوێکی باشە بۆ نزیکبوونەوەی لایەنەکان

27-09-2023
هیدایەت جان
مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
نیشانەکردن کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەشداریکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەی حیزبەکەی بە "هەنگاوێکی باش" بۆ زیاتر نزیکبوونەوەی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ناودەبات و دەڵێت، "هیوادارم کۆنگرە لە خزمەتی یەکڕیزی و نزیکبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستاندا بێت".
 
رۆژی چوارشەممە، 27ـی ئەیلوولی 2023، مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە میانی بەشداریکردنی لە کۆنگرەی پێنجەمی حیزبەکەی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "هیوام وایە کۆنگرە بڕیاری باش بدات و خەڵکی باش هەڵبژێرێت بۆ سەرکردایەتییەک کە بتوانێت جێگەی متمانەی خەڵک بێت و برایەتی و تەبایی لەنێو هەموو خەڵکی کوردستاندا بپارێزێت".
 
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە تەلاری هونەر لە سلێمانی بە بەشداریکردنی 600 ئەندام دەستیپێکرد. مستەفا چاوڕەش دەڵێت، "دۆخی گشتی کوردستان نالەبارە؛ دەبێ هەوڵ بدەین بە هەوڵی هەموو لایەک یەکڕیزی خەڵکی کوردستان بپارێزین و هیوا دەخوازم کۆنگرە لە خزمەتی تەبایی و یەکڕیزی هەموو لایەنە سیاسییەکان بێت."
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی کراوە و بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لە رێوڕەسمەکەدا گوتارێک پێشکێش دەکات. مستەفا چاوڕەش بەشداریکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەی حیزبەکەی بە "هەنگاوێکی باش" بۆ زیاتر نزیکبوونەوەی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ناودەبات و دەڵێت، "بەشداریکردنی کاک نێچیرڤان هەنگاوێکی باشە بۆ زیاتر نزیکبوونەوەی هەموو لایەنە سیاسییەکان".
 
ژمارەیەک لە کەسایەتییە دیارەکانی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشوەختە رایانگەیاندووە کە بەشداری کۆنگرەی پێنجەمی ئەو حیزبە ناکەن. مستەفا چاوڕەش پێیوایە کە "هەر سەرکردەیەکی باش لە کۆنگرە ئامادە نەبێت، بە دڵنیاییەوە کاریگەریی خۆی دەبێت".
 
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی لەبارەی ئەو کەسانەی پۆستی ئەمنی و سەربازییان هەیە کە ئایا دەتوانن خۆیان بۆ سەرکردایەتی بەربژێر بکەن، گوتی، "ئەوە کۆنگرەیە بڕیار لەوە دەدات و لەوێ بە دەنگدان دیار دەبێت کێ بۆ سەرکردایەتی هەڵدەبژێردرێت؛ قسەش زۆر دەکرێت کە خەڵک دەستنیشانکراون و دانراون بۆ سەرکردایەتی، من هیچ زانیارییەکم لەو بارەیەوە نییە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە