بەهۆی ئاگرەوە کۆگەکانی دوو نهۆمی باڵەخانە سووتاوەکەی هەولێر 'هیچ شتێکیان بۆ دەرنەچوو'

27-08-2024
پەیام سەربەست
پەیام سەربەست @paya_m_
بازاڕە سووتاوەکەی هەولێر
بازاڕە سووتاوەکەی هەولێر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

شەوی رابردوو دووکانەکانی جوانکاریی ئۆتۆمبێل لە شەقامی 60 مەتریی هەولێر سووتان، ئاگر لە هەرچی دەرچەی باڵەخانەکەوە هەبوو دەردەچوو، دووکانداران و هاونیشتمانییان هاواریان لێ هەستابوو و رایاندەکرد تاوەکو کەلوپەلەکان رزگار بکەن. 
 
ئاگرەکە کاژێر 22:00 شەوی سێشەممە لەنهۆمی سەرەوەی کۆگەیەکی کەلوپەلی جوانکاریی ئۆتۆمبێل دروستبوو، لەماوەیەکی کەمدا تەشەنەی کرد و هەموو کونجێکی باڵەخانەکەی سووتاند.
 
دووکاندارێکی باڵەخانەکە بە رووداوی گوت: "سیستەمی ئاگرکوژێنەوەی تێدایە و زۆر مەزبووتە، ئەو کەسەی کە خاوەنی نهۆمی دووەم و سێیەمە لە هیچ شتێک مەزبووت نەبێت لە ئەسانسوارەکان و لە سیستمی ئاگرکوژێنەوە زۆر زۆر مەزبووتە، بەڵام [سیستمەکە] نەتەقیوە، هیچی کاری نەکردووە."
 
تیمەکانی بەرگریی شارستانی بە چەندین ئۆتۆمبێل هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەیاندا، بەهۆی ئەوەی کەلوپەلی نێو کۆگەکان لەو کەلوپەلانەن کە ئاسان ئاگر دەگرن، بۆیە کوژاندنەوەی ئاگرەکە 10 کاژێری خایاند.
 
مەریوان لە شۆکی ئەو ئاگرەیە کە سەرچاوەی بژێوی کرد بە خۆڵەمێش، ئەم پیاوە نزیک 20 ساڵە لەم کۆگایە کاردەکات کە خاوەنەکەی ناوی مەهدیە و لە ئاگرەکە دەرزیەکیان بۆ دەرنەچووە و گوتی: "هیچ ناتوانم بڵێم ، هیچ شتێک دەرنەچووە."
 
لیژنەی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە پێکهێنراوە، بە گوتەی شایەتحاڵەکان شۆرتی کارەبا هۆکاری ئاگرەکە بووە.
 
ئەحمەد عەلی، دووکاندارێکی دیکەی نێو باڵەخانە سوتاوەکەیە و دەڵێت: "نزیکەی بای 200 بۆ 250 دەفتەر زیانی کردووە ئەو خاوەن کۆگەیە."
 
کاکەشێر عەبدوڵڵا، خاوەن پێشانگەی کەلوپەلی جوانکاری گوتی: "کەلوپەلی جوانکاری هەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێکی هەبوو، چیت دەویست هەیبوو ، کۆفرۆشێکی بەقوەت بوو، 30 ساڵ دەبێت لێرەیە."
 
حەسەن ئوسامە، دووکاندارێکی دیکەیە و نەعلە دڕاوەکانی لە شوێنی رووداوەکە بەجێماوە و دەڵێت: "هەر جلێک لە پێشم بوو لەبەرم کرد، هەر بە نەعلەوە رامکرد، نەعلەکەم لێرە پسا و رامکردە ژوورەوە، بینیم دووکەڵ زۆرە، زوو تاوەکو دووکانمان کردەوە و هێواش هێواش کەلوپەلەکانمان گواستەوە دواتر منیان هێنایە دەرەوە و دۆخم تێکچوو."
 
باڵەخانەکە لە ژێر زەمین و سێ نهۆم پێکهاتووە، ژێرزەمینەکە سەلامەتە و 16 دووکانی کۆفرۆش کە لە نهۆمی یەکەمن نەسووتاون، ئەوەی سووتاوە نهۆمی و دووەم و سێیەمە کە کۆگەی دوو هاونیشتمانی بوون و "هیچ شتێکی بەسەلامەت لێدەرنەچوو."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە