گەشتوگوزار: چاوەڕێ دەکەین ئەم ساڵ زیاتر لە 25%ـی گەشتیارانمان بیانی بن

03-04-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجتاڵ 

بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەم ساڵ جەژنێکی نموونەییان بەڕێکرد و چاوەڕێ دەکەن زیاتر لە 25%ـی گەشتیارانی ئەم ساڵی هەرێمی کوردستان بیانی بن.
 
رۆژی پێنجشەممە، 3ـی نیسانی 2025، ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "جەژنی ئەم ساڵ جیاواز بوو لە ساڵانی رابردوو، زۆر لەوە باشتر بەڕێوەچوو کە پلانمان بۆی دانابوو، هەموو شتێک بە گوێرەی ئامادەکارییەکان بوو گەشتیارێکی زۆر هاتنە هەرێمی کوردستان."
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی گەشتوگوزاری دەڵێت، ساڵانە 25%ـی گەشتیارانی هەرێمی کوردستان بیانین، "بەڵام ئامانجی ئێمە ئەوەیە زۆرترین گەشتیار بێنە کوردستان و چاوەڕێ دەکەین ئەم ساڵ زیاتر بێت و ئامادەکاریمان بۆی کردووە."
 
لەبارەی جەژنی رەمەزان، ئیبراهیم عەبدولمەجید گوتی: "جەژنێکی نموونەییمان بەڕێکرد و گەشتیارێکی زۆر سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستانیان کرد."
 
شەمال هەرووری، گوتەبێژی گەشتوگوزاری دهۆک بە رووداوی گوت: "هەموو ئامادەکارییەکان وەکو خۆیان بەڕێوەچوون، لە هەموو بازگەکان شیرینی، چوکڵێت، ئاو و شەربەت بەسەر گەشتیاران دابەشکران."
 
وەکو گوتەبێژی گەشتوگوزاری دهۆک دەڵێت، "پێشبینی دەکەین لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو نزیکەی 40 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگای دهۆکیان کردبێت."
 
هاوکات، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، لە ماوەی سێ رۆژی جەژندا نزیکەی 50 هەزار گەشتیار سەردانی سنووری پارێزگای سلێمانییان کردووە. 
 
هەروەها هەورامان جەلال، گوتەبێژی گەشتوگوزاری هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە یەکشەممەی رابردووەوە تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 55 هەزار گەشتیار و سەردانیکەر هاتوونەتە پارێزگای هەڵەبجە."
 
دوێنێ پارێزگاری هەولێر ئاماری سێ رۆژەی جەژنی رەمەزانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "بەپلانی گەشتوگوزار، بۆ رۆژانی جەژنی رەمەزان، وەکو چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتوویی جێبەجێکران، 76 هەزار و 654 گەشتیار تەنیا لە سێ رۆژی پشووی جەژن سەردانی هەولێری پایتەختیان کردووە."
 
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە