رووداو دیجیتاڵ
زێرەڤان مەجید، جووتیارێکی دهۆکە و ئەم ساڵ هەزار و 200 دۆنم گەنمی لەنێوچووە. زیاتر لە 120 تۆن گەنمی لەسەر رووبەری 1500 دۆنم چاندووە. 300 دۆنمی بەراوە و ئەوەی دیکە دێمی. ئەوەی پشتی بە باران بەستووە هەمووی سیسبووە. دەڵێت، بارانیش ببارێت سوودی پێناگەیێنێت.
زێرەڤان مەجید لەبارەی زیانەکانییەوە دەڵێت، "جگە لە خەرجییەکانی کێڵان، 150 ملیۆن زیانم بەرکەوتووە. 120 تۆن گەنمم لەسەر 800 هەزار چاندووە و 30 تۆنی کیمیاش هەر تۆنێکم بە ملیۆنێک و 200 هەزار کڕیوە."
ئەم ساڵ، کەمبارانی و سەرمای وشک زیانی زۆری بە جووتیاران گەیاندووە، مەحموود عەبدوڵلا، جووتیارێکی گەرمیانە و بەهۆی سەرماوە 45 دۆنم گەنمی لێ زەرد بووە. 10 ملیۆن دینار زیانی بەرکەوتووە، ساڵی پار بەرهەمەکەی 40 تۆن بووە.
مەحمود عەبدوڵڵا لەبارەی زەردبوونی گەنمەکەی دەڵێت، "پەینم تێکردووە و دەرمانی گەڵا باریک و گەڵا پان، دەرمانی گەشەم لێداوە، دوای ئەوەی وشکە سەرما هات ئاوا زەرد بوو."
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی دهۆک، ئەم ساڵ 700 هەزار دۆنم گەنم چێندراوە، لەو بڕەش 40٪ـی لەبەر کەم بارانی سەوز نەبووە و زۆربەی ئەوەی سەوزیش بووە سیس بووە.
موسلیح حەسەن، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک لەوبارەوە دەڵێت، "بە پلەی یەکەم زۆرترین زیان بە گەنمی دێمی گەیشتووە، ئەم ساڵ 215 ملم باران باریوە، پار ئەم کاتە 980 ملم باریبوو، واتە باران بارینی ئەم ساڵ زیاتر لە 79٪ کەمترە لە پار."
لە هەرێمی کوردستان ئەم ساڵ سێ ملیۆن دۆنم گەنم چێندراوە. زیاتر لە 75٪ـی پشت بە باران دەبەستێت، بەگوێرەی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان 90٪ـی گەنمی دێم لەنێوچووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ