رووداو دیجیتاڵ
لە ناوچەی فارقین سەر بە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان دوای شەڕی نێوان گەریلاکانی پەکەکە و سوپای تورکیا پێنج هاونیشتیمانی کورد کە ئەندامی یەک خێزانن، لەلایەن سەربازانی سوپای تورکیا دەستبەسەرکران.
رۆژی شەممە 26ـی ئابی 2023، لە نزیک گوندی بامەیدان سەر بە شارۆچکەی فارقین شەڕ لە نێوان سەربازانی سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە روویدا و لە ئەنجامدا سێ گەریلا گیانیان لەدەستدا.
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکانی هەواڵ، دوای شەڕەکە سەربازەکان گوندەکەیان گەمارۆداوە و پێنج هاونیشتمانی کوردیان "ئەشکەنجە داوە" کە منداڵێکی تەمەن نۆ ساڵ و ژنێک و سێ پیاون و دواتر دەستبەسەریان کردوون و بردوویانن بۆ فەرماندەیی جەندرمەی فارقین.
دوای ماوەیەک سەربازەکان "د. د" ـی تەمەن نۆ ساڵیان رادەستی کەسوکاری کردووە.
هەریەک لە (س. د) و (هـ. د) کە تەمەنیان 24 ساڵە، (هـ.د)ـی تەمەن 28 ساڵ، (م.س) ـی تەمەن 45 ساڵ لەگەڵ (ر. د)ـی تەمەن 54 ساڵ کە دوای بیستنی هەواڵی دەستبەسەرکردنی ئەندامانی خێزانەکەی لە ئێلیهـ ـەوە چووەتە گوندەکەی خۆی لە فارقین دەستبەسەرن و رەوانەی فەرماندەیی جەندرمەی ئامەد کراون.
وێنەی ئەو هاووڵاتییە دەستگیرکراوانە لە ئەکاونتی @vatanbekcilire بڵاوکراونەتەوە، کە ئەکاونتێکە هەواڵی سەربازی بڵاودەکاتەوە.
لە وێنەکەدا دوو پیاو دەبینرێت کە تەنیا جلی ژێرەوەیان لەبەردایە و لەبەردەم زرێپۆشێکی سەربازیدا لەسەر زەوی پاڵخراون دەستەکانیان لە پشتەوە بەستراوەتەوە.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رۆژی شەممە 26ـی ئابی 2023 لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سۆشیاڵمیدیا رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و چوار کەسیش دەستگیر کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ