رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ئاسایشی راپەڕین بە رووداوی راگەیاند، دوو تۆمەتبار کە فەرمانی دەستگیرکردنیان هەبووە لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش رووبەڕووبوونەتەوە و "یەکێکیان بە چەک کارمەندێکی ئاسایشی بریندارکردووە."
رووداوەکە پێشنیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە 27-05-2021 لە ناحیەی سەنگەسەری سەر بە قەزای پشدەر روویداوە.
هەژار محەممەد، بەڕێوەبەری ئاسایشی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند " یەکێک لە تۆمەتبارەکان چەند جارێک فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە و ئەمڕۆ کە زانیویەتی هێزەکانی ئاسایش دەچن بۆ دەستگیرکردنی بە چەک رووبەڕوویان بووەتەوە و بەهۆیەوە یەکێک لە کارمەندەکانمانی بریندار کردووە."
بەڕێوەبەری ئاسایشی راپەڕین دەڵێت، "تۆمەتبارەکان دەستگیرکراون" و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوە بەردەوامە.
عەقید محەممەد فازڵ، لێپرسراوی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەو دوو تۆمەتبارەی دەستگیرکراون بازرگان و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەرن و دوای رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ ئاسایش هەردووکیان دەستگیرکراون."
لێپرسراوی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی راپەڕین سەبارەت بە تەندروستی ئەو کارمەندەی ئاسایش کە برینداربووە، دەشڵێت "دۆخی تەندروستی جێگیرە."
سنووری قەزای پشدەر هاوسنوورە لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان و بەگوتەی محەممەد فازڵ "بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە سنوورەکە [ئیدارەی راپەڕین] زیادیکردووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە سنووری قەزای پشدەر هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتی ئێران. لە ماوەی رابردووشدا چەند کەسێکی دیکە بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون."
ناحیەی سەنگەسەر یان ناودەشت یەکێکە لە ناحیە کۆنەکانی قەزای قەڵادزێ لە سنووری قەزای پشدەر و سەر بە پارێزگای سلێمانییە. دەکەوێتە نێوان قەزای رانیە و ناحیەی ژاراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ