یەکێتیی مامۆستایان: پرۆژەی 'هەژماری من'ـمان رەتنەکردووەتەوە

27-04-2024
نازەنین گۆران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سکرتاریەتی یەکێتیی مامۆستایان دەڵێت، ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەنەوە کە گوایە یەکێتییەکە "هەژماری من" رەتدەکاتەوە و رایگەیاند، "یەکێتییەکە لە چەندین پارت و لایەن پێكهاتووە، هەریەكەیان تەعبیر لە بۆچوونی خۆی دەكات."
 
رۆژی شەممە، 27-04-2024، مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی "هەژماری من" بڵاوکردەوە و رایگەیاند ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەنەوە كە هەندێ پەیج و ماڵپەر بەناوی یەكێتیی مامۆستایان بڵاویانكردووەتەوە گوایە یەكێتیی مامۆستایان 'هەژماری من' رەتدەكاتەوە. 
 
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، "بەداخەوە، ماوەیەكە هەندێ پەیج و دەزگای میدیایی هەواڵ و زانیاری بەناوی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان بڵاودەكەنەوە، كە هیچ پەیوەندیی بە یەكێتیی مامۆستایانەوە نییە. 
 
سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان لە پشکی پارتییە و جێگرەکەشی یەکێتییە، هەروەها ئەندامانی سکرتاریەت لە چوار پارتی، چوار یەکێتی، دوو گۆڕان، یەک یەکگرتوو، یەک کۆمەڵ، یەک تورکمان و یەک ئەندامی کریستیان پێکدێت. 
 
لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا جەخت کراوەتەوە لەوەی ''یەکێتییەکە لە چەندین پارت و لایەن پێكهاتووە، هەریەكە و تەعبیر لە بۆچوونی خۆی دەكات، هەروەها هەر ئەندامێک لە یەكێتیی مامۆستایان ئەگەر لێدوانێک یان كۆمێنێتک بكات، تەعبیر لە رای یەكێتیی مامۆستایان ناكات."
 
ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایان بە رووداوی گوت: بەشێک لە ئەندامانی سکرتاریەت روونکردنەوەیان لەبارەی "هەژماری من" دابوو، گوایە یەکێتیی مامۆستایان رەتیدەکاتەوە. "ئەوە رای خۆیانە و بە هیچ شێوەیەک گوزارشت لە رای یەکێتییەکە بە گشتی ناکات، چونکە یەکێتییەکە لە چەند لایەنێک پێکدێت و هەرکەسێک باس لە رای حیزبیی خۆی دەکات."
 
لەبارەی هەڵوێستی یەکێتیی مامۆستایان لەسەر پڕۆژەی'هەژماری من'، سەرۆکی یەکێتییەکە دەڵێت، "نە رەتیدەکەینەوە و نە هیچ رایەکمان لەبارەی باش و خراپییەوە داوە، چونکە سکرتاریەت هیچ کۆبوونەوەیەکی نەکردووە تاوەکو رایەکی گشتی لەبارەی ئەو پڕۆژەیە بڵاوبکاتەوە."
 
بە گوتەی ئەحمەد گەرمیانی: هێشتا دیار نییە کەی سکرتاریەت کۆدەبێتەوە "سەرەتا دەبێت کۆنگرە بکەین. مانگی کانوونی یەکەمی 2023 دیاریکرا، بەڵام برادەرانی سلێمانی پێیان باش نەبوو لەو کاتەدا بکرێت و تائیستا کاتی نوێ دیارینەکراوە."
 
یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان تاوەکو ئێستا 12 کۆنگرەی کردووە. لە ساڵی 1962 یەکەم کۆنگرەی بەست و ئێستا خاوەنی 81 هەزار ئەندامە و 13 ساڵە کۆنگرەی نەکردووە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ناوچەیەکی سنووری لە شرنەخ.

قەدەخەی هاتووچۆ لە 11 ناوچەی شرنەخ راگەیێندرا

چوونی خەڵک بۆ چەندین ناوچەی سنووری لە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان بۆ 15 رۆژ قەدەخە کرا. قەدەخەکردنەکە بەپێی یاسای سەربازی راگەیێندراوە.