رووداو دیجیتاڵ
شێری تاڵەبانی رایدەگەیێنێت، گۆڕانی کەشواهەوا لەسەر ژنان و کچان بەراورد بە پیاوان، کاریگەرییەکی زیاتری هەیە. هەروەها دەڵێت، "لانیکەم 60٪ـی ئەوانەی لە کارەساتەکانی پەیوەست بە کەشوهەوا گیانیان لەدەست دەدەن، ژنن."
رۆژی پێنجشەممە، 27ـی شوباتی 2025، دووەمین رۆژی کۆڕبەندی ساڵانەی هەولێر بەڕێوەچوو، کە ناوەندی رووداو بۆ توێژینەوە رێکیخستووە.
لە پانێڵێکدا بەناونیشانی (گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییەکانی لەسەر پێشیلکردنی مافی مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی کوردستان)، شێری گراهام تاڵەبانی، سەرۆکی دامەزراوەی سید فاوندەیشن باسی لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر کچان و ژنان کرد.
"لاوازی و بێهێزیی ژنان بەرامبەر کارەساتە سرووشتییەکان"
شێری تاڵەبانی باسی لە بێهێزیی ژنان بەرامبەر بە کارەساتە سرووشتییەکان کرد و گوتی، "گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەرییەکی تایبەتی لەسەر کچان و ژنان هەیە، بووەتە هۆی قووڵکردنەوەی ئەو نایەکسانییەی هەیە، ئاڵنگاریی نوێی دروست کردووە. هەروەها بێهێزی ژنان و کاریگەرییەکانی کەشوهەواش لەسەریان وادەکات کە تواناکانی ژنان کەم ببێتەوە."
بە گوتەی شێری تاڵەبانی، ژنان و کچان بەراورد بە پیاوان، زیاتر قوربانی کارەساتە سرووشتییەکانن و لەوبارەیەوە گوتی، "کچان و ژنان 14 جار لە پیاوان کاریگەری کارەساتە سرووشتییەکانیان لەسەرە و لانیکەم 60٪ـی ئەو کەسانەی کە لە کارەساتەکانی پەیوەست بە کەشوهەوا گیانیان لەدەست دەدەن ژنن."
هەروەها شێری تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکرد، لەکاتی روودانی کارەساتە سرووشتییەکان، ژنان کەمتر دەستییان بە زانیاری و ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە دەگات.
"کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر ئاوارەبوون و بەهێزکردنی ژنان"
ژنان و کچان، وەک شێری تاڵەبانی ئاماژەی پێدەکات، لەکاتی روودانی کارەساتە سرووشتییەکان زیاتر لە پیاوان ئاوارە و دەربەدەر دەبن و گوتیشی،"ژنان و کچان ئەگەری زیاتری ئەوەیان لەسەرە کە ئاوارە و دەربەدەر ببن، هەروەها لەکاتی ئاوارەییشدا کاریگەرییەکی زیاتریان لەسەرە. کاتێک کە باس لە تێکچوونی ژینگە دەکرێت لەنێویاندا بەرزبوونەوەی زۆری پلەی گەرما و کەمی ئاو لە ناوچەکانی وەکو باشووری عێراق، بووەتە هۆی ئاوارەیی."
شێری ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسانەی کە لە ئاوارەییدا دەژین کاریگەری زریان، لافاو و وشکەساڵییان لەسەرە. هەروەها ئەو ژنان و کچانەی کە لە ئاوارەییدا دەژین کەمتر دەتوانن بژێوی ژیانیان دابین بکەن و مەترسی زیاتری ئەوەیان لەسەرە، کە رووبەڕووی تووندووتیژی ببنەوە.
بە گوتەی شێری، بەشێک لەو خێزانە عێراقییانەی کە ئاوارە بوون بۆ ئەوەی بتوانن بژێوی ژیانیان دابین بکەن کچەکانیان لە تەمەنێکی منداڵیدا بەشوو داوە یاخود بەزۆر بەشوویان داون.
یەکێکی دیکە لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، هەروەک شێری تاڵەبانی ئاماژەی پێدا، کەمبوونەوەی دەستڕاگەیشتنی کچان و ژنانە بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان.
شێری تاڵەبانی گوتی: "نایەکسانیی کۆمەڵایەتی، نایەکسانیی ئابووری و گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەرییان لەسەر خوێندنی کچان هەبووە. لە عێراق لە هەر 10 خوێندکاری کچ، تەنیا پێنجیان خوێندنی ناوەندنی تەواو دەکەن."
لەبارەی بەشداریکردنی ژنان لە بڕیارە سیاسییەکان، شێری تاڵەبانی گوتی، "دەبێت ژنان لەو پێگانەدا بن کە بڕیاریان تێدا دەدرێت، لەبەر ئەوەی ژنان پتر کاریگەری کارەساتەکانی پەیوەست بە کەشوهەوایان لەسەرە و ژنان باشتر دەتوانن نوێنەرایەتیی پێداویستیی خێزانەکان و کۆمەڵگەکان بکەن. هەروەها کاتێک کە ژنان چ لە ماڵەوە، چ لە پەرلەمان یان لە حکومەت بەشداری لە بڕیاری سیاسی و بڕیارەکانی دیکە دەکەن، ئەنجامەکەی نەک تەنیا بۆ کچان و ژنان، بەڵکو بۆ هەموو کۆمەڵگە باشترە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ