رووداو دیجیتاڵ
لە قوتابخانەیەکی سلێمانی، جگە لە کارگوزار نە مامۆستا و نە قوتابی لێیە، لەبەرئەوەی بایکۆتە. جگە لەو قوتابخانەیەش زۆرینەی قوتابخانەکانی ئەو شارە پۆلەکانیان چۆڵە و زەنگی دەستپێکی وەرزی دووەمی خوێندن، هێشتا لێنەدراوە.
مامۆستا جەلال، بەڕێوەبەری قوتابخانەی ئامێدییە لە سلێمانی، مامۆستا و قوتابییانی کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی پێیان بڵێت بایکۆت نەکەن، بەڵام زۆرینەی مامۆستاکانی ئەو قوتابخانەیە بایکۆتیان هەڵبژارد، هەرچەندە بەڕێوەبەرەکە زیانەکانیشی پێگوتن.
مامۆستا جەلال کەریم، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە بە رووداوی گوت "ئێمە لە ناوەندەکانی خوێندنداین، دەزانین ئەنجامە نەرێنییەکانی بایکۆت چەندە ئاڵنگاری و ئاستەنگی بۆ پرۆسەی پەروەردە دروست کردووە لەنێو خوێندنگەکاندا."
هەروەها دەڵێ "منداڵان زۆر زەرەرمەند بوون، وەکو هەلومەرجی کارگێڕی بەڕاستی زۆر زۆر ئاستەنگی و ناڕەحەتی لەم بوارەدا دەبینین."
هێشتای قوفڵی دەرگەی قوتابخانەکانی کەلاریش نەکراونەتەوە تاوەکو قوتابی بۆ خوێندنی وەرزی دووەم بگەڕێنەوە، بەپێی زانیارییەکانی مامۆستایانی ناڕازیی گەرمیان، لە 90٪ـی قوتابخانەکانی ئەو دەڤەرە، بایکۆتە.
رەوا خالید، قوتابیێکە لە کەلار و دەڵێ "جلوبەرگی قوتابخانەمان لەبەرکرد، جانتامان هێنا و رۆیشتووینە قوتابخانە، مامۆستا گوتی بایکۆتە، تاوەکو ئاگادارتان نەکەینەوە، مەیەنە قوتابخانە."
قوتابیێکی دیکە بەناوی محەممەد ئارام هەر لە کەلارەوە دەڵێ "هاتین و تەنیا نمرەی 60ـەکەیان پێمان دایەوە، دواتر هاتینەوە و گوتیان بڕۆن، تاوەکو خۆمان پێتان دەڵێین، نەیەنەوە."
لە دەڤەری راپەرین، جیاواز لە سلێمانی و گەرمیان دەرگەی قوتابخانەکان کراوەن، بەڵام مامۆستاکان هۆشداری دەدەن ئەگەر داوای پێدانی مووچەیان بۆ جێبەجێنەکرێت، بایکۆت بژاردەیەکی دیکەیانە.
مامۆستا عەبدوڵڵا خدر، مامۆستایە لە رانیە و دەڵێ مامۆستایان "ناتوانن بەردەوام بن، لەبەرئەوەی بە گیرفانی خاڵی مامۆستایەک لە شوێنێکی دوورەوە دێت، پارەی بەنزینی پێ نییە. وەکو مامۆستا جەرگمان بۆ قوتابیان دەئێشێت، کە دوادەکەون، کاریگەریی ساڵانەی دەبێت لەسەر قوتابییان."
بەپێی زانیارییەکانی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی، لە 90٪ـی قوتابخانەکانی گەرمیان، راپەرین و سلێمانی بایکۆتە، جگە لە قۆناخەکانی 12ـی ئامادەی و 9ـی بنەڕەتی.
11 ساڵە پرۆسەی خوێندن لە سنووری سلێمانی لەبەردەم بایکۆت و بایکۆتنەکردندایە، مامۆستایانی ناڕازی تائێستا ئەوەی بایکۆتی بۆ دەکەن، 100٪ بەدەستیان نەهێناوە، لایەنی پەیوەندیداریش وەڵامێکی دڵخۆشکەری نەداونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ