کوردستان
بڕێک ماددەی هۆشبەر کە لە هەرێمی کوردستان دەستی بەسەردا گیراوە. وێنە: دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران
رووداو دیجیتاڵ
ئەفسەرێکی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەر لە هەولێر رایدەگەیێنێت، بەکارهێنان و مامەڵەکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان "زیادیکردووە." هەروەها لەبارەی چۆنیەتی هێنانی ماددەی هۆشبەر بۆ هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەندێک لەو باندانەی مامەڵە بە ماددەکەوە دەکەن، "هەموو رێگەیەک تاقیدەکەنەوە" بە جۆرێک "لەنێو بەرگی قورئان دەیشارنەوە."
رائید تەڤرین میکائیل، ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی هەولێر لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی هێڤیدار و گوڵستانی رادیۆی رووداو رایگەیاند، "بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر زۆر زیادیان کردووە؛ چەندین ماددەی هۆشبەری جیاواز لە هەرێمی کوردستان هەن، وەک هێرۆین و تلیاک و چەندین جۆری حەب کە ماددەی هۆشبەریان تێدایە."
لەبارەی چۆنیەتی هێنانی ماددەی هۆشبەر بۆ هەرێمی کوردستان، ئەو ئەفسەرە گوتی: بەشی زۆری ماددەی هۆشبەر بە رێگەی قاچاخ و هەندێکجاریش لە دەروازە فەرمییەکانەوە بە قاچاخ دێتە هەرێمی کوردستان. ئەو کەسانەی مامەڵە بەو مادانەوە دەکەن هەموو رێگەیەک دەگرنەبەر بۆ ئەوەی لە دەروازە سنوورییەکانەوە بیهێنن، لەنێو داری تاوڵە، پێڵاوی ژنان، ئاسنی ئۆتۆمبێل و بەرگی قورئانیش ماددەی هۆشبەر دەیشارنەوە.
رائید تەڤرین میکائیل گوتی: "هەندێک لە دەروازە سنوورییەکان زۆر تووندن، بەتایبەتی ئەوانەی سنووری پارێزگای هەولێر، بەڵام هەندێک دەروازەش هەن رێوشێنەکانیان زۆر تووندنین و قاچاخچییەکان لەو شوێنانەوە ماددە هۆشبەرەکان دێننە هەرێمی کوردستان."
"ئەو گرووپانەی مامەڵە بە ماددەی هۆشبەر دەکەن هەوڵدەدەن زیاتر ژنان بەکاربهێنن بۆ هێنانی ماددەی هۆشبەر، چونکە ئەوان پێیانوایە ئاسانکاری زیاتر بۆ ژنان دەکرێت، بۆیە ئێمە ئێستا پشکنینی ژنانیشمان لە دەروازەکان تووندتر کردووە، چونکە هەستمان کرد قاچاخچییەکان دەیانەوێت لەو رێگەیەوە فێڵ لە هێزە ئەمنییەکان و بازگەکان بکەن." وەک ئەو ئەفسەرە دەڵێت.
ئەو ئەفسەرەی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەر لەبارەی چارەسەرکردنی ئەو کەسانەی تووشیبوون گوتی: "تاوەکو ئێستا ناوەندێکی چارەسەری بۆ تووشبووانی ماددەی هۆشبەر نییە، ئەگەر ناوەندێکی چارەسەر هەبێت باشترە لەوەی بەکارهێنەران زیندانی بکرێن."
رائید تەڤرین میکائیل لە بەرنامەکەدا ئەوەشی خستەڕوو کە لە هەرێمی کوردستان "باندی ماددەی هۆشبەر هەن، چەندین جار بازرگانی گەورەی ماددەی هۆشبەرمان دەستگیرکردوون"، هەندێک لەو کەسانە خەڵکی هەرێمی کوردستان نین، ئەوان کە دەستگیریان دەکەن رادەستی وڵاتەکانی خۆیان دەکەنەوە.
رائید تەڤرین میکائیل لەبارەی هاوکاری هاونیشتمانییان لەگەڵ تیمەکانیان بۆ رێگریکردن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر گوتی: "هاوکاری هاونیشتمانییان زۆر گرنگە بۆ ئەوەی بتوانین رێگە لە زیاتر بڵاوبوونەوە و تووشبوونی گەنجان بگرین، جاری واهەبووە هاوسەرێک هاتووە سکاڵای دژی هاوسەرەکەی خۆی تۆمارکردووە، بەهۆی ئەوەی ماددەی هۆشبەری بەکارهێناوە. باوک هەبووە داوای کردووە کوڕەکەی دەستگیربکەین لەبەر ئەوەی ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنێت، ئەمە زۆر باشترە لەوەی بیشارنەوە و بێدەنگی لێبکەن."
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا دەست بەسەر زیاتر لە هەزار و 217 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گیراوە و زیاتر لە پێنج هەزار کەسیش دەستگیرکراون. بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر 40٪ زیادیکردووە و بڕی ماددەی هۆشبەری دەستبەسەرداگیراویش بە رێژەی 42٪ زیادیکردووە.
هەروەها عەقید بیلال سوبحی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، لە 10 مانگی یەکەمی ساڵی 2022دا 13 هەزار و 680 کەسیان بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە عێراق دەستگیرکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ