رووداو - هەولێر
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی رایدەگەیێنێت، لە یاسای نوێی هەڵبژاردنەکانی عێراق هەبوونی لیست قەدەخەکراوە و خۆبەربژێرکردن لەسەر ئاستی تاک دەبێت، ئەگەر حیزبەکان بیانەوێت یەکێک دەربچێنن دەبێت کار لەسەر بەربژێرەکانی خۆیان بکەن بۆئەوەی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەربچێت.
خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە میانی بەشداریکردنی لە نوڕۆژی دۆستان، لەبارەی هەڵوێستی پارتیی دیموکراتی کوردستان لەسەر هەموواری یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق کە ناڕەزایەتی کورد و بەشێکی سووننەی لێکەوتەوە رایگەیاند "ئێمە هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ ئەوەبووینە وەکو کوردستان چۆن یەک بازنە بووە، عێراقیش یەک بازنە بێت".
خەسرۆ گۆران ئەوەشی گوت "بە کەمکردنەوەی بازنەکان کوردی ناوچەکانی دیکە عێراق ژمارەیان ئەوەندە نییە تاوەکو کورسی مسۆگەر بکەن، ئەگەر دابەشی سەر 18 بازنەش بکرێت ئەوا خەڵکی پارێزگایەک ناتوانێت دەنگ بە کەسێکی دیکە لە پارێزگایەکی دیکە بدات، ئێستاش بەپێی یاساکە لەسەر ئاستی قەزا دەبێت".
بەپێی ژمارەی قەزاکان ژمارەی بازنەکان دەستنیشاندەکرێت، لە عێراق لە دەوروبەری 150 قەزا هەن، چونکە هەندێک قەزا هەیە دوو بەشە بەشێکی لەنێو هەرێمی کوردستانە و بەشێکی لەنێو عێراق، بەو پێیە بێت عێراق دەبێتە 150 بازنە، بەڵام بەگوتەی خەسرۆ گۆران هیچ شتێک لە کورسی پارێزگاکان ناگۆڕدرێت، دهۆک هەر 11 کورسییەکەی و موسڵ 31 کورسییەکەی دەمێنێتەوە، جیا لە سێ کورسی کۆتا، واتە کورسی کوردستان کەم نابێتەوە، سەبارەت بە ناوچە دابڕێنراوەکانیش بە تێڕوانینی ئەوان کێشەیەکی وا نابێت.
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی باسی لەوەشکرد "هەر بەپێی یاسایەکە ئەگەر ژمارەی دانیشتوانی قەزایەک نەگاتە 100 هەزار کەس، دەبێت بە قەزایەکی هاوسنووری ئیداری خۆی بلکێندرێت. ئەوەی گرنگە بۆ ئێمە ئەو قەزا کوردییانەی ناگەنە 100 هەزار کەس نەلکێندرێت بە قەزا عەرەبییەکان، بە پێچەوانەکەشەوە، چونکە دەنگەکان بزر دەبن".
لەبارەی لایەنی خراپی ئەو یاسایە "دەسەڵاتی حیزبە گەورەکان لەو ناوچانە زەقتردەبێتەوە و گیانی ناوچەگەرێتی زاڵ دەبێت، لە پەرلەمانیش ژمارەی حیزبەکان کەمتردەبێتەوە".
خەسرۆ گۆران ئاماژە بەوە دەدات، "لە یاسای نوێدا هەبوونی لیست قەدەخەکراوە، بەڵکو خۆ کاندیدکردن لەسەر ئاستی تاک دەبێت، بۆ نموونە لە قەزای شەقڵاوە کەسەکە دەبێت بەناوی خۆی لە کۆمیسیۆن تۆماربکات، ئەگەر حیزبەکان بیانەوێت یەکێک دەربچێنن دەبێت کار لەسەر کاندیدەکانی خۆیان بکەن بۆ ئەوەی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەربچێت".
سەبارەت بەوەی تاچەند پارتی بەو یاسایە رازییە، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی رایگەیاند "ئێمە وەکو حیزبەکانی دیکە هاوسۆز بووین و بە یەکەوە هۆڵی پەرلەمانمان جێهێشت و بایکۆتی دانیشتنەکەمان کرد و دژی وەستاینەوە، بۆئەوەی یەکڕیزیی کورد بپارێزین. سەبارەت بە ئێمە بەرژەوەندی کورد لە پێش هەموو شتێکەوەیە، پێش چەند مانگێک کە یاساکە هەموارکرایەوە پارتی تاکە لایەن بوو سکاڵای تۆمارکرد، چونکە لە بەرژەوەندی کورد نەبوو، دەبوو ئاوارەکان لە پارێزگاکانی خۆیان دەنگ بدەن، بۆیە تانەمان لێداو بردمانەوە. لەو یاسایە نوێیەش پەسندکرا کە ئاوارەکان لەو شوێنانەی لێی نیشتەجێن لەوێ دەنگدەدەن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ