چیرۆکی ئەو خێزانەی بۆ کاری شوانی چوونە سنووری کەرکووک و دوو منداڵیان لە لافاودا خنکان

26-11-2022
هیوا حوسامەدین
هیوا حوسامەدین
دوو منداڵەکە لە باوەشی کەسوکاریان
دوو منداڵەکە لە باوەشی کەسوکاریان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە گوندی حەساری گەورە لە سنووری شارۆچکەی پردێ لە کەرکووک بەهۆی دروستبوونی لافاو، دوو منداڵ خنکان. شەوی رابردوو بەهۆی رێژەی زۆری بارانبارین لە چەند ناوچەیەکی کەرکووک لافاو دروستبوو، خێزانێکی 12 کەسیی خەڵکی ئەنبار بۆ کاری شوانی چووبوونە گوندی حەسار، بەڵام بەهۆی لافاوەوە خانووەکەیان رووخا و دوو منداڵیشیان ئاو بردنی، درەنگی شەوی رابردوو تەرمی هەردوو منداڵەکە دۆزرانەوە.
 
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، گەڕانە بەدوای تەرمی ئەو دوو منداڵەی کە بەهۆی دروستبوونی لافاو خنکان، دوو منداڵەکە لە خێزانێکی 12 کەسیی خەڵکی ئەنبار بوون، ئەوان شوانن و بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵەکانیان چوونەتە سنووری کەرکووک.
 
ئەیوب موزحی، ئامۆزای منداڵە خنکاوەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئاستی ئاو بۆ نێو ماڵەکە بەرز بووەوە بە بەرزایی یەک مەتر، ئەو [باوکی منداڵەکان] منداڵەکانی هەڵگرت تا رزگاریان بکات، شەپۆلەکە بەهێز بوو بۆیە منداڵەکان لە دەستی کەوتن و ئاو بردنی، کە منداڵە بچووکەکانی لەدەستچوو هەوڵی رزگارکردنی ئەوانەی دیکەی دا و چوار بۆ پێنج کەسی دیکەی خێزانەکەی رزگار کرد".
 
فراوانیی ناوچە و زۆریی قوڕ و لیتە، رێگربوو لەوەی خەڵک فریای ئەو خێزانە بکەون. خەڵک و هێزێکی زۆری ئەمنی زیاتر لە شەش کاژێر بەدوای  تەرمی منداڵە تەمەن یەک ساڵ و ئەحمەدی برای کە تەمەنی یەک مانگ بوو دەگەڕان و دواجار لە نێو دۆڵێک دۆزرانەوە.
 
یەعقوب قادر، دانیشتووی گوندی حەسار دەڵێت، "کاتێک کە ئێمە چووین لە ماڵەکەدا منداڵ و ئافرەت و گەنجێک مابوون، توانیمان رزگاریان بکەین، بەڵام منداڵەکە زۆر ترسابوو هەر دەگریا، پرسیارم کرد چەند کەستان ماوە، ئافرەتەکە گوتی، 'هەموومان دەرچووین تەنیا دوو منداڵم لافاو بردی'، گوتم، 'کەسی دیکە نەماوە'، گوتی، 'نا تەنیا دوو منداڵەکەم نەبێ ئەوانیش ئاو بردنی' ".
 
محەممەد عەلی، موختاری گوندی حەسار گوتی، "تەرمەکان لە دەرەوەی ماڵەکە بوون، ئاو بردبوونی و لە تەل گیرببوون، کەسوکارەکەی بەهاوکاریی ئێمە و خەڵکی گوندەکە دۆزییانەوە و ئێستا لەگەڵ باوکی دەیبەین بۆ نەخۆشخانە لە کەرکووک".
 
دوێنێ هەینی بۆ نزیکەی 18 کاژێر بارانێکی بەخووڕ کەرکووک و سنوورەکەی گرتەوە، لافاو بەشێک لە شەقامەکانی داخست و لە هەندێک گەڕەکیش لافاو چووە نێو چەندین ماڵ و زیانی زۆری پێگەیاندن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو راپۆرتی لەسەر خێزانەکە کردووە.

بەرپرسیار؛ چوار کەس لە خێزانێکی پێنج کەسی شێرپەنجەیان گرتووە و پێویستییان بە هاوکارییە

چوار ئەندامی خێزانێکی پێنج کەسی لە دهۆک نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە و لە دۆخێکی سەختدان. بەپێی راپۆرتی پزیشکی، چارەسەریان لە سەنتەرێکی تایبەتمەند لە دەرەوەی وڵات دەکرێ، ئەوەش لە توانای ئەو خێزانە کەمدەرامەتە دا نییە.