رووداو دیجیتاڵ
لە شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان سەدان کەس رژانە سەر شەقامی سەرەکی شارەکە و خۆپێشاندانیان دژی بۆردوومان و تۆپبارانەکانی چەند رۆژی رابردووی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان کرد.
بەشێک لە خۆپێشاندەران رەخنە لە لاوازیی هەڵوێستیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەگرن کە لە 2014وە لە ناوچەکەدا جێگیرە.
لە بەرەبەیانیی رۆژی 20ی مانگەوە تورکیا دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی چەند ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە کردووە.
بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، لە ئەنجامی هێرشەکان 67 کەس گیانیان لەدەستداوە. گوتەبێژی یەگەپە دەڵێت، 15 کەسیان شەڕڤانن.
سەرۆککۆماری تورکیا هێرشەکان بە دەستپێک ناودەبات و دەڵێت، "لە کاتێكی گونجاودا هێرشە زەوییەکانیش دەستپێدەکەین."
ئەیلوولی 2014 داعش هێرشیکردە سەر کۆبانێ و ئەمریکاش لە رێگەی هێرشی ئاسمانییەوە یارمەتی شەڕڤانانیدا و بەو جۆرەش هێرشەکەی داعش تێکشکێندرا.
بەرگریکردن لە کۆبانێ دەنگدانەوەی زۆری لە ناوچەکە و جیهان لێکەوتەوە و ئەو شارەی رۆژئاوای کوردستان وەک سیمبولێكی بەرخودان و رووبەڕووبوونەوەی داعش ناوی دەرکرد.
تورکیا لەسەر درێژەدان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی بۆسەر رۆژئاوای کوردستان سوورە. ئەمریکاش دەڵێت، هێرشەکان سەقامگیری ناوچەکە تێکدەدەن و سەرنجی سەر شەڕی داعش کەم دەکەنەوە؛ رووسیاش داوای لە ئەنقەرە کرد هیچ هێرشێكی سەربازی ئەنجام نەدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ