حکومەتی عێراق: پێشکێشکردنی بارەگاکەی پارتی بە زانکۆی کەرکووک بەرز دەنرخێنین

26-10-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن کەرکووک پارتی دیموکراتی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی عێراق پێشوازی لە هەنگاوەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات لەبارەی پێشکێشکردنی بارەگاکەی لە کەرکووک بە زانکۆی کەرکووک و دەڵێت، "محەممەد شیاع سوودانی ئەو دەستپێشخەرییە حەکیمانەیە بەرز دەنرخێنێت."
 
شەوی پێنجشەممە، 26-10-2023، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، "حکومەتی عێراق پێشوازی لە دەستپێشخەریی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات لەبارەی کردنە دیاریی بارەگاکەی لە کەرکووک کە ئێستا فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی تێدایە بە زانکۆی کەرکووک."
 
هەروەها دەڵێت، "لە کاتێکدا سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ئەو دەستپێشخەرییە حەکیمانەیە بەرز دەنرخێنێت، جەختکردنەوەی حکومەت لەسەر بەردەوامیدان بە ئاسایش و پێکەوەژیان و برایەتی لە کەرکووک و سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دووپاتدەکاتەوە، وەکو پابەندبوون بە کارنامەی حکومەت و جێبەجێکردنی یاسا لەپێناو عێراقێکی گەشەکردوو کە تێیدا سەرجەم هاووڵاتییانی هەست بە ئاسایش و ئاشتی بکەن."
 
رۆژی پێنجشەممە، 26ـی تشرینی یەکەمی 2023، کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی و ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی و ئەندامانی کۆمیتەکە کۆبووەوە و دواتر راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە کە ئاماژە بەوە دەدات، تاوتوێی شەش تەوەری سەرەکییان کردووە ‌و "بڕیاری پێویستیان بۆ وەرگیراوە."
 
لەبارەی پرسی بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک، لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "له‌پێناو پاراستنی گیانی ته‌بایی و سه‌قامگیری شاری كه‌ركووك و، پێزانین و رێزگرتن له‌ خه‌ڵكی خۆڕاگر و تێكۆشه‌ری ئه‌م شاره‌ كه‌ ماوه‌یه‌كی زۆره‌ خۆڕاگر و به‌رده‌وام قوربانی ده‌ربوون له‌ پێناو ئامانجه‌ ره‌واكانیان، كۆبوونه‌وه‌ بڕیاریدا پارتیمان باڵه‌خانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی پێشووی خۆی له‌ كه‌ركووك، پێشكێشی‌ زانكۆی كه‌ركووك بكرێت وه‌كو دیارییه‌ک بۆ قوتابییانی ئه‌و شاره‌ و پڕۆسه‌ی خوێندن و رۆشنبیری و پێشخستنی شاره‌كه‌، هاوكات كۆبوونه‌وه‌ سوپاسی به‌ڕێز محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی حكومه‌تی فیدراڵ ده‌كات له‌به‌رامبه‌ر ده‌ركردنی بڕیاری راده‌ستكردنه‌وه‌ی باره‌گاكانی پارتیمان له‌و شاره‌دا."
 
لە 27ـی ئابی 2023ـوە بەشێک لە تورکمان و عەرەبی کەرکووک کە زۆرینەیان چەکدارانی بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی بوون، رێگەی سەرەکیی شارەکەیان لەگەڵ هەولێر داخست. ئەوان دژى رادەستکردنەوەى بارەگاى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى پارتى دیموکراتى کوردستان بوون لەو شارە کە ئێستا بارەگاى ئۆپەراسیۆنەکانى کەرکووکە.
 
بەهۆى ئەو رێگە داخستنەوە، رۆژی 2-9-2023 ژمارەیەک هاونیشتمانیی کوردی کەرکووک خۆپێشاندانیان کرد، بەڵام هێزە ئەمنییەکان بە تەقە وەڵامیان دانەوە، بەو هۆیەوە چوار خۆپێشاندەر گیانیان لەدەستدا و 16ـی دیکەش برینداربوون.
 
لە رۆژی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە، دوای ئەوەی حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان هێرشیان کردە سەر کەرکووک و دەوروبەری، پارتی بارەگاکانی لە شارەکە چۆڵکرد.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە