رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، کەرکووک بە دۆخێکی سەختدا تێدەپەڕێت، ئەگەر حیزبە کوردییەکان بەم عەقڵییەتە ئیدارەی پارێزگاکە بدەن، دۆخەکە لە ئێستا باشتر نابێت.
خالید شوانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رۆژی سێشەممە 26-10-2021 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کەرکووک بە دۆخێکی سەختدا تێدەپەڕێت و خەڵکەکەی لە دۆخێکی دەروونیی خراپدان، "بۆیە دەبێت وەکو کورد واز لە ململانێ بهێنین و هەموومان بەرنامەیەکی نیشتمانی و نەتەوەییمان هەبێت و پەیامی بۆ پێکهاتەکانی دیکەش پێبێت".
خالید شوانی، کە هاوکات وەزیری هەرێمە بۆ دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، ئاماژەی بەوەش کرد، پارێزگاری کەرکووک پشکی کوردە و لەنێو کوردیش پشکی یەکێتییە؛ بۆیە پێویستە پارێزگار بە رێککەوتنی کورد و نەتەوەکان دابنرێت، "کێشەی کەرکووک پرسێکی سەختە، چونکە پرسێکی ناوچەیی و نێودەوڵەتیشە، پێویستە پرسەکە لە میدیا دووربخرێتەوە بۆسەر مێزی گفتوگۆی راستەقینە".
خالید شوانی هۆشداریی دا لەبارەی خراپتربوونی دۆخی کەرکووک و گوتی، "ئەگەر حیزبەکان بەم عەقڵیەتە ئیدارە بدەن، کەرکووک لە ئێستا باشتر نابێت و خەڵکیش قبووڵی ناکات"، ئاماژەی بەوەش کرد، "پۆستی پارێزگار هی کوردە و بەپێی دەنگیش یەکێتی زۆرینەیە و دەبێت بۆ یەکێتی بێت، بەڵام ئێمە دەڵێین با بە گفتوگۆ بێت".
لەژێرناونیشانی "عێراقیکی سەقامگیر بۆ هەرێمێکی سەقامگیر"، ئەمڕۆ سێشەممە 26-10-2021 لە هەولێر دیداری مێری دەستی بە کارەکانی کرد؛ لە دیدارەکەدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک بەرپرسی عێراق و هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک باڵیۆزی وڵاتان لە عێراق و کۆنسوڵەکانیان لەهەرێمی کوردستان بەشداردەبن؛ دیدارەکە دوو رۆژ دەخایەنێت و هەشت تەوەر لەخۆدەگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ