بنەماڵەکەی: وەستا حەسەن بە قەزا و قەدەر مردووە

26-08-2023
نازەنین گۆران
موحسین سەیدگوڵ، پوورزای وەستا حەسەن
موحسین سەیدگوڵ، پوورزای وەستا حەسەن
نیشانەکردن وەستا حەسەن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بنەماڵەی وەستا حەسەنی کەبابچی لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی لەسەر گیانلەدەستدانی وەستا حەسەن بڵاوکراونەتەوە دەڵێن، سەرجەم ئەو هەواڵانەی لەبارەی گیانلەدەستدانی بڵاودەکرێنەوە، رەتدەکەنەوە و وەستا حەسەن بە قەزا و قەدەر گیانی لەدەستداوە.
 
بەیانیی رۆژی هەینی، 25ـی ئاب، وەستا حەسەن کەبابچی لە سلێمانی گیانی لەدەستدا. بەپێی توێکاریی پزیشکی، گولـلەیەک بە سەری کەوتووە و گومان دەکرێت "خۆی کوشتبێت". ئەو شوێنەی رووداوەکە تێیدا روویدا، باخی وەستا حەسەن خۆی بوو لە ناوچەی سیتەک لە سلێمانی.
 
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیانلەدەستدانی، لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەواڵی جۆراوجۆر بڵاوکرانەوە لەوانە "وەستا حەسەن بەهۆی کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتییەوە کوژراوە."
 
موحسین سەیدگوڵ، پوورزای وەستا حەسەن ئێوارەی ئەمڕۆ (شەممە، 26-8-2023) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "هەموو ئەو دەنگۆیانەی لە پەیجەکاندا بڵاوکراونەتەوە رەتدەکەینەوە، وەستا حەسەن بە قەزا و قەدەر وەفاتی کردووە."
 
موحسین سەیدگوڵ گوتیشی، "وەستا حەسەن هیچ کێشەیەکی لەگەڵ هیچ لایەن و کەسێکدا نەبووە، لەو کاتەوەی رووداوەکە روویداوە، خەڵکەکە هەمووی پەیوەندیمان پێوە دەکەن، خەڵک هەمووی داخ و ناخۆشی دەردەبڕن بۆ لەدەستدانی وەستا حەسەن، ئەو تەنیا موڵكی ئێمە نەبووە، موڵکی ئەو خەڵکە هەمووی بووە."
 
بەگوتەی پوورزاکەی، وەستا حەسەن، کەسێکی خێرۆمەند بووە و لەگەڵ خەمی هەژاران و خەڵکی سلێمانیدا بووە، ئەو رۆژەی رووداوەکەش روویداوە ئەو لە ماڵی خۆیدا بووە؛ ئەو بەیانییە هەستاوە و نوێژی کردووە و منداڵەکانی بەخەبەر هێناوە بچن بۆ دووکان، لەو کاتەدا کوڕەکانی خۆیان ئامادەکردووە و دەنگێک هاتووە، روونکردنەوەکان و لێکۆڵینەوەکانیش هەن کە رووداوەکە "تەنیا قەزا و قەدەر بووە."
 
موحسین سەیدگوڵ، رەتیدەکاتەوە وەستا حەسەن هیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی هەبووبێت و دەڵێت،" ئەو پارەدار بووە و بەردەوام بە تەنگ خەڵکەوە بووە، بەڵام ئیتر مرۆڤە، مرۆڤیش ناسکە و هەندێک کات هەر لە خۆتەوە لە رووی دەروونییەوە بێتاقەت دەبێت، ئێمە ئەوە نازانین و ئەوە بەجێدەهێڵین بۆ لێکۆلێنەوەکان، بەڵام هیچ کێشەیەکی نەبووە."
 
لەکاتی گیانلەدەستدانی وەستا حەسەن، کوڕەکانی لە ماڵەوە بوون و محەممەد حەسەن، کوڕی وەستا حەسەن لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی، "ئەو شتانەی بڵاوکراونەتەوە هەمووی دوورن لە راستییەوە، شتەکە لەبەرچاوی خۆماندا و لە ماڵی خۆماندا روویداوە. من لە نهۆمی یەکەم و ئەو لە نهۆمی دووەم بوو کە دەنگەکە هات، من چوومە قاتی دووەم، ئایا (گوللەکە) خۆی لە دەستی دەرچووە یان خۆی ناویەتی بە خۆیەوە شتەکە هەمووی قەزا و قەدەرە، ئێمە رازین بە قەدەری خوا و تاوەکو رۆژی یەکشەممە هەموو شتێک لە ژێر چاودێڕی پۆلیس دەبێت."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە