دیندار زێباری: زیاتر لە نیوەی دەستگیرکراوانی چاکسازییەکان بە تۆمەتی هۆشبەرە

26-06-2023
سیروان عەباس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و ئێستا زیاتر لە چوار هەزار کەس بە تۆمەتی مادەی هۆشبەر لە زیندانن، کە زیاترە لە نیوەی دەستگیرکراوان.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 26-06-2023، کە رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەى مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقلییەکانە، دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئاڵوودەبوون وەک زیانێکی کۆمەڵایەتی، چەندین کاریگەریی جەستەیی و دەروونی هەیە و بە یەکێک لە گەورەترین کێشە کۆمەڵایەتی و ئابووری و تەندروستییەکان دادەنرێت لەسەر ئاستى جیهان.
 
دیندار زێباری دەڵێت، "ئەوانەی ئێستا لە ناوەندەکانی چاکسازی و دەزگا ئەمنییەکان دەستگیرکراون، ژمارەیان سەروو چوار هەزار کەسە، کە زیاتر لە نیوەی ژمارەی زیندانیانی ناو چاکسازییەکان پێکدەهێنن و زۆربەیان گەنجن. بەدەر لەم ژمارەیە بە هەزاران خەڵکی دیکەش هەن لە هەرێمی کوردستان کە ئالوودەی مادەی هۆشبەر بوون". 
 
دیندار زێباری گوتى: حكومەتی هەرێمی كوردستان یاسای ژمارەی یەکی ساڵی 2020ی مادە هۆشبەرەكان و كارتێكەرە عەقڵییەكانی دەركرد و لیژنەیەكی باڵاش بە سەرۆكایەتیی وەزیری تەندروستی لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان پێكهێنرا بۆ خۆپارێزی لە مادە هۆشبەرەكان.
 
سەبارەت بە دامەزراندنی سەنتەری تەندروستیی تایبەت بە چارەسەركردنی ئالوودەبووان، زێباری گوتی: "وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستى كاردەكەن بۆ دامەزراندنی شوێنی تایبەت بە چارەسەركردنی ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەكان."
 
بە گوتەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان "بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار". دەشڵێت، پێویستە مامۆستایانی ئایینی و توێژینەوەى زانستى و دەزگاکانی راگەیاندن رۆڵیان هەبێت بۆ هۆشیارکردنەوەى کۆمەڵگە لە رووبەڕووبوونەوە و مەترسییەکانى مادەى هۆشبەر.
 
دیندار زێباری داوای پاڵپشتی لە حکومەتى عێراق دەکات بۆ ئەوەی هاوکاربن بۆ بەرەنگاربوونەوەى مادە هۆشبەرەکان. دەشڵێت: "بەپێویستى دەزانین کە لایەنى نێودەوڵەتیش بەتایبەت نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مادە ھۆشبەرەکان و تاوان رۆڵیان هەبێت و هەنگاوى کردارى بنێن لەمبارەیەوە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە