رووداو دیجیتاڵ
ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا داوا لە دامودەزگەکانی عێراق دەکات، "لێکۆڵینەوەیەکی تێروتەسەل" لە هێرشەکەی رۆژی هەینی بۆ سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر بکات کە بووە هۆی کوژرانی لانیکەم چوار کرێکاری بیانی و برینداربوونی دووی دیکە.
درەنگیی شەوی هەینی، رۆمانۆوسکی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا، سەرەخۆشیی خۆی بەو بۆنەیەوە دەربڕی و رایگەیاند، "بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی ئەمشەوی سەر ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکەین."
خانمە باڵیۆزەکە دەشڵێت، "داوا لە دامودەزگەکانی عێراق دەکەین لێکۆڵینەوەیەکی تێروتەسەل بکەن و ئەوانەی کە بەرپرسن رووبەڕووی دادپەروەری بکەنەوە."
بە گوتەی رەمەزان رەمک، قایمقامی چەمچەماڵ بۆ رووداو، هێرشەکە لە رێگەی درۆنەوە و کاژێر 06:45ی ئێوارەی هەینی کراوە.
رۆمانۆوسکی دەڵێت، "ئەمریکا بەردەوامدەبێت لە کارکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پشتیوانیکردنی ئاسایش، سەقامگیری و سەروەریی عێراق."
دوای هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا وەزارەتەکانی کارەبا و سامانە سرووشتییەکان رایانگەیاند، بەرهەمهێنانی کارەبا 2 هەزار و 500 مێگاوات کەمبووەتەوە.
کێڵگەی کۆرمۆر دەکەوێتە شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵ. کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن. کێڵگەکە یەکێکە لە ناوچە دەوڵەمەندەکان بە سامانە سرووشتییەکان، بەتایبەت گاز.
پڕۆژەی گازی کوردستان لە ساڵی 2007 دامەزرا، کاتێک دانەگاز و نەوتی هیلال گرێبەستێکیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد بۆ بەدەستهێنانی مافی تایبەت بە قەبڵاندن و پەرەپێدان و بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان لە هەردوو وێستگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ لە هەرێمی کوردستان.
دوای تێپەڕبوونی 15 مانگ بەسەر پڕۆژەکە و لە تشرینی یەکەمی 2008، بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر دەستیپێکرد لە وێستگەیەک کە تازە دروستکرابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ