کوردستان
بەشداریکردنی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی ساڵانەی ئابووریی دێڵفی لە یۆنان
رووداو دیجیتاڵ
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزیری دەوڵەتی قەتەر بۆ کاروباری دەرەوە بانگهێشتی ئەو وڵاتە دەکرێت.
رۆژی چوارشەممە 25-04-2023 لە پەراوێزی کۆڕبەندی ساڵانەی ئابووریی دێڵفی لە یۆنان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سوڵتان سەعد ئەلمورەیخی، وەزیری دەوڵەتی قەتەر بۆ کاروباری دەرەوە کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا بە فەرمی بانگهێشتنامەی وڵاتی قەتەر پێشکێشی جێگری سەرۆکوەزیران کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی چۆنێتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کرا. لەو بارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئامادەیی هەرێمی کوردستانی دەربڕی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان، بەتایبەت لە بواری پەیوەندیی نێوان زانکۆکانی کوردستان و قەتەر. هەروەها لەڕووی وەرزشی و بازرگانییەوە، وەکو لە راگەیێندراوی جێگری سەرۆکوەزیراندا هاتووە.
لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری دەوڵەتی قەتەر بۆ کاروباری دەرەوە بە فەرمی بانگهێشتی جێگری سەرۆکوەزیرانی کرد سەردانی قەتەر بکات بۆ "گفتوگۆکردن لەبارەی چۆنێتی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و دۆزینەوەی میکانیزمی گونجاو بۆ بەرەوپێشبردنی ئەو پەیوەندییانە لەو بوارانەدا کە جێگەی گرنگی پێدانی هەردوولان."
هەر لە پەراوێزی یەکەم رۆژی کۆڕبەندی ساڵانەی دێڵفیدا، قوباد تاڵەبانی لەگەڵ کۆنستانتینۆس زێرڤاس، سەرۆکی شارەوانیی سالۆنیکی یۆنان کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و سالۆنیکی یۆنان لە بوارەکانی گەشتوگوزار و کشتوکاڵ و پیشەسازی کرا.
قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەدا داوای لە سەرۆکی شارەوانیی سالۆنیک کرد هانی وەبەرهێنەرانی سالۆنیک و یۆنان بدات لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن و ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی دەربڕی بۆ پێشکێشکردنی هەموو جۆرە کارئاسانییەک لەمبارەیەوە.
کۆڕبەندی ساڵانەی ئابوری دێڵفی یەکێکە لە گرنگترین کۆڕبەندە ئابوورییەکانی ئەوروپا و بە بەشداری سەرۆک و بەرپرسانی باڵای وڵاتان باس لە چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشە ئابووری و سیاسییەکانی جیهان دەکرێت، بۆ جاری دووەمە لەسەر یەک قوباد تاڵەبانی، بەشداری لەم کۆڕبەندەدا دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ