رێباز حەملان: نەناردنی 400 ملیار دینارەکە گرفت بۆ دابەشکردنی مووچە دروستناکات

26-01-2023
ئەحمەد حەمید
رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان. وێنە: رووداو
رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، نەناردنی 400 ملیار دینارەکە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە "هیچ گرفتێک بۆ مووچە دروستناکات و پێشتریش هەر حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی مووچەی دابینکردووە و دابینکردنی مووچە لە داهاتی نێوخۆ و فرۆشتنی نەوت بووە نەک پارەی حکومەتی عێراق."
 
رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بوولتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، گوتی، "بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی بڕیارێکی سیاسی و نادادپەروەرانە و ستەمکارانەیە، ئەو بڕیارە تەنیا دژی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو دژ بەو لایەنانەشە کە پێکهێنەری کابینەکەی محەممەد شیاع سوودانین و لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگیدان، بڕیارەکە دژی پێکەوەژیان و بەشداریکردنی راستەقینەیە، ئەو بڕیارە رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کراوە بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق."
 
ئەو یاریدەدەرەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "پێویستە هەموو ئەو پۆستانەی کورد لە بەغدا لە سەرۆککۆمار، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیرەکان هەڵوێستیان هەبێت و نابێت بێدەنگبن، هەروەها دەبێت لایەنە سیاسییە عێراقییەکانیش هەڵوێستیان هەبێت، هەرێمی کوردستانیش دەستەوەستان نابێت و هەڵوێستی دەبێت، چونکە لە چوارچێوەی رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتی عێراق (هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت) بڕیاردرابوو ئەو بڕیارانە رابگیرێن و پێداچوونەوەیان پێدا بکرێت، بەڵام بۆ جاری دووەم دادگە بڕیارێکی نادادپەروەری و سیاسی و ستەمکارانە بەرامبەر خەڵكی کوردستان دەردەکات."
 
رێباز حەملان جەختی لەوەش کردەوە، "لە سەرەتای دروستبوونی دادگەی فیدراڵی و بە دیاریکراوی لە ساڵی 2003 تاوەکو ئێستا یەک بڕیاری لەسەر کێشە و نەهامەتییەکانی گەلی عێراق دەرنەکردووە، دادگەی فیدراڵیی عێراق بووەتە ئامرازێک بەدەست کۆمەڵێک لایەنی سیاسیی عێراقەوە، بەردەوام دژ بە هەرێمی کوردستان بەکاریدەهێنن، ئەوان دەیانەوێت بەناوی یاساوە بژێویی خەڵکی هەرێمی کوردستان ببڕن، ئەوەی کراوە سزادانی خەڵکە، ئەگەرنا هەرێمی کوردستان هەموو نیازپاکییەکی بەرامبەر عێراق پیشانداوە، هەموو ئامادەییەک دەربڕاوە بۆ رێککەوتن لەسەر کۆی گرفتەکان."
 
وەکو یاریدەدەرەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "بەشێکی لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی رۆڵی دووڕوویی (دوو فاقی) دەگێڕن، لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگیدان کە پێکهێنەری حکومەتی نوێی عێراقە و لە لایەکی دیکەوە زەمینەسازی دەکەن بۆ دەرکردنی بڕیاری لەم جۆرەی دادگەی فیدراڵی، چونکە ئەو بڕیارە نە یاساییە و نە دەستوورییە. هەندێک پەرلەمانتاری خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق و خولی ئێستاش، هەندێک کەسایەتی لەنێو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ئاسانکاری بۆ ئەو جۆرە بڕیارانە دەکەن و لەگەڵ ئەو بڕیارانەدان دژ بە هەرێمی کوردستان، جگە لەوانەش هەندێک لایەنی نێودەوڵەتیش پشتگیریی ئەو بڕیارانە دەکەن."
 
هەر سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق رێباز حەملان ئەوەشی گوت، "لەبەر ئەوەی بڕیارەکە دژی بەرژەوەندیی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستانە، پێویستە کۆی لایەنەکان، ئەوانەی لە حکومەت بەشدارن و ئەوانەی لە دەرەوەی حکومەتن، هەڵوێستی تووندیان هەبێت دژی ئەو بڕیارە."
 
لەبارەی دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان و گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغداش گوتی، "دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە دەرهێنان و فرۆشتن و گێڕانەوەی قەرزی کۆمپانیاکان هەمووی یەک دۆسیەیە و بە حکومەتی عێراقیمان گوتووە کە ئەگەر دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەخرێتە سەر کۆمپانیای سۆمۆ دەبێت کۆی دۆسیەکە وەربگیرێت نەک بە تەنیا فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان، چەند لیژنەیەک پێکهێندراوە و گفتوگۆکان بەردەوامن و بەرەوپێشچوون هەیە لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کلاشینکۆفانەی دەستیان بەسەردا گیراوە.

لە کرماشان دەست بەسەر 84 کلاشینکۆف و دەمانچەدا گیرا

حەمیدڕەزا کەریمی، داواکاری گشتی و شۆڕشی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکاندا لە گەرەکێکی شاری کرماشان تۆڕێکی مامەڵەکردن بە چەک هەڵوەشێنرا و چوار کەس لە ئەندامانی تۆڕەکە دەستگیرکران.