وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێت، 30 پێگەی پەکەکەی لە هەرێمی کوردستان بۆردوومان کردووە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، 30 پێگەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی لە هەرێمی کوردستان بۆردوومان کردووە.
 
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیادا هاتووە، بۆردوومانەکانیان بە مەبەستی "لەنێوبردن"ی ئەندامانی پەکەکە و "نەهێشتنی ئەو هێرش و هەڕەشانەی لە باکووری عێراقەوە دەکرێنە سەر هێزە ئەمنییەکان و خەڵکی سڤیلمان و بۆ پاراستنی سنوورەکانمان، هەروەها لە چوارچێوەی مافی بەرگریکردن لە خۆمان کە لە مادەی 51ی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە، کردوون."
 
وەزارەتەکە باس لەوە دەکات، ئەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج، لە چیاکانی خواکوڕک، گارە، قەندیل و شنگال بوون.
 
24ی تشرینی یەکەمی 2024 ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) کە باڵی سەربازیی پەکەکەیە، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە خواکوڕک و گارە دوو جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی تورکیا و لە ئەنجامدا 5 سەرباز کوژراون و سێ سەربازی دیکەش بریندار بوون.
 
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە تورکیا ناوی ناوە چنگ - قوفڵ کە بەرەبەیانی رۆژی 18ی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.
 
بۆردوومانەکە لە کاتێکدایە، رۆژی 23-10-2024 دوو کەس بە چەکەوە هێرشیان کردە سەر دامەزراوەی پیشەسازیی بۆشایی ئاسمان و فڕۆکەوانی لە ئەنقەرە و لە ئەنجامدا 5 کەس کوژران و 22 کەسی دیکەش بریندار بوون. 
 
تورکیا ئەنجامدانی هێرشەکەی خستە ئەستۆی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و ئەمڕۆش ناوەندی پاراستنی گەل(نەپەگە) رایگەیاند، هێرشەکەی ئەنقەرە لەلایەن تیمێکی "سەربەخۆ"ی هێزی نەمرانەوە کراوە و ناسنامەی ئەو دوو کەسەشی ئاشکرا کرد کە هێرشەکەیان کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە