رووداو دیجیتاڵ
یەبەشە دەڵێت، لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی تورکیا بۆ سەر سنووری شنگال، شەش شەڕڤانیان گیانیان لەدەستداوە.
یەکینەکانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) لەبارەی هێرشەکانی شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆی تورکیا بۆسەر سنووری شنگال، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، 16 شوێن بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و فڕۆکەی جەنگی بۆردوومان کراون.
لە راگەیێندراوەکەدا ناسنامەی هەر شەش کەسەکە بەم شێوەیە بڵاوکراوەتەوە: نەمر قاسم عەلی ناسراو بە نەمر هەلیقی، عومران ئەحمەد قاسم ناسراو بە ئۆرهان شنگال، عەزیز خەیرۆ جردۆ ناسراو بە دلبرین شنگال، رائید خالید حوسێن ناسراو بە ئازاد شنگال، سەلاح حەسەن ناسراو بە دڵگەش شنگالی و وەعد حەمەد ناسراو بە رۆژهات عەرەب.
حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزیدخان لە سنووری شنگال ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بۆردوومانەکە کاژێر 11:30ی شەوی رابردوو دەستیپێکرد، تاوەکو کاژێر 03:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەردەوام بوو.
هەر شەوی رابردوو، سوپای تورکیا چەند ناوچەیەکی لە ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری بۆردوومان کرد.
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەڵێت، لە ئەنجامی بۆردوومانەکە 12 کەس کوژراون و 25 کەسی دیکە بریندار بوون.
بۆردوومانەکان لە کاتێکدان رۆژی 23-10-2024 دوو کەس بە چەکەوە هێرشیان کردە سەر دامەزراوەی پیشەسازیی بۆشایی ئاسمان و فڕۆکەوانی لە ئەنقەرە و لە ئەنجامدا 5 کەس کوژران و 22 کەسی دیکەش بریندار بوون.
تورکیا ئەنجامدانی هێرشەکەی خستە ئەستۆی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و ئەمڕۆش ناوەندی پاراستنی گەل(نەپەگە) رایگەیاند، هێرشەکەی ئەنقەرە لەلایەن تیمێکی "سەربەخۆ"ی هێزی نەمرانەوە کراوە و ناسنامەی ئەو دوو کەسەشی ئاشکرا کرد کە هێرشەکەیان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ