هاکپار: تورکیا هیچ پلانێکی بۆ پڕۆسەی ئاشتی نییە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی گشتیی هاکپار دەڵێت، چەکداماڵینی گەریلاکان تەنیا لە دەستی تورکیا و پەکەکەدا نییە، گوتیشی، ''چەندین لایەنی دیکەی وەکو ئێران و ئەمریکا کاریگەرییان لەسەر هەیە و دەبێ رێککەوتنی لەسەر بکرێت.''
 
ئەمڕۆ هەینی، 25-10-2024، دۆزگون کاپڵان، سەرۆکی گشتیی پارتی ماف و ئازادییەکان (هاکپار) لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 09:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە هەوار جەلالەدین پێشکێشیکرد، لەبارەی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان رایگەیاند، ''باوەڕم بەوە نییە کە هیچ بەرنامەیەکی مەهەپە و جەهەپە یان حکومەتی تورکیا بۆ چارەسەرکردن هەبێت.''
 
دۆزگون کاپڵان گوتی: ''گۆڕانکاری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەئارادایە، شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس، تەنیا لەو ناوچەیە نامێنێتەوە، بەڵکو تەشەنەی کردووەتە لوبنان و سووریا، هەروەها دڵنیام کاریگەری لەسەر عێراق، ئێران و تورکیا دەبێت.''
 
سەرۆکی گشتیی هاکپار پێیوایە ئەگەر تورکیا دەیەوێت پرسی کورد چارەسەر بکات، سەرەتا پێویستە خەڵک ئامادەیی هەبێت، ئێستا خەڵک ئامادەیی نییە، سیاسەت بۆ ئەم بابەتە ئامادە نییە، بەڵام تەنیا کێشەی ئەوان [تورکیا] چەکداماڵینی پارتی کرێکارانی تورکیا (پەکەکە)ـیە.
 
رۆژی سێشەممە دەوڵەت باخچەلی لە پەرلەمانی تورکیا، بە دەنگێکی بەرز لەبەردەم دەیان کەناڵ و هەزاران لایەنگرە نەتەوەگیرە پەڕگیرەکانی لە پەرلەمان گوتی "با عەبدوڵڵا ئۆجەلان بێتە پەرلەمان و قسە بکات". 
 
دۆزگون کاپڵان دەڵێت: ''تورکیا دەیەوێت کێشە نێوخۆییەکانی خۆی سارد بکاتەوە، واتە مەسەلەکە چەکداماڵینی پەکەکە نییە، بەڵکو پرسی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەئارادایە.'' گوتیشی، چەکداماڵینی پەکەکە یان بزووتنەوەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئاسان نییە و ''تەنیا لە دەستی پەکەکە و حکومەتدا نییە، بەڵکوە لایەنەکانی وەکو ئێران، سووریا و ئەمریکا هەن کە ئەگەر رێککەوتن نەکرێت، ئەم بابەتە چارەسەر نابێت''.
 
بەگوتەی سەرۆکی گشتیی هاکپار، پرسی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پرسێکی نێودەوڵەتییە و ''پرسی کورد گەورەترین بابەتی هەر چوار پارچەی کوردستان و بەتایبەتی تورکیایە. ئەگەر کێشەی کورد چارەسەر نەکرێت، ناکۆکییەکان [لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست] چارەسەر نابن''.
 
دۆزگون کاپڵان ئاماژەی بەوەشکرد، پرسی کورد لە تورکیا لە چوارچێوەی ئەو سیستمە بەڕێوەبەرییە ناوەندییەدا چارەسەر ناکرێت و پێویستە سیستمێکی ''لامەرکەزی'' دابمەزرێت کە ''تێیدا کوردیش بتوانێت لە چوارچێوەی یەک سنووردا لەگەڵ تورک، خۆی بەڕێوەببات.''
 
سەرۆکی گشتیی هاکپار، پێیوایە دەوڵەتی تورکیا سیاسەتێکی دژە کوردانەی هەیە و دەیەوێت رێگری لە پێدانی مافەکانی کورد بکرێت، ''بەڵام ئەگەر دەوڵەت چارەسەری [پرسی کورد] نەکات، سەد ساڵی دیکەش ئەم کێشەیە بەتایبەتی لە تورکیا و ئێراندا دەمێنێتەوە.''
 
دۆزگون کاپڵان باسی لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان بۆ حکومەتداری کرد و گوتی: ''زۆر دەستکەوتێکی باشە، لە باشووری کوردستان حکومەتێکی فیدراڵی و سیاسەتێکی باش هەیە و ئەوان بەشێوەی دیموکراسی و ئاشتییانە خۆیان بەڕێوەدەبەن.''
 
دۆزگون کاپڵان جەختی لەوە کردەوە، ئێستا سەقامگیریی باشووری کوردستان بۆ باکووری کوردستان گرنگە، پاڵپشتیی ئاشتەوایی [لە باکوور و تورکیا] دەکات و بۆ خەبات و تێکۆشانی کوردانی باکووری کوردستانیش باشە.''
 
سەبارەت بە پڕۆسەی ئاشتی، عەبدوڵا ئۆجەلان لە دیدارێکدا لەگەل عومەر ئۆجەلانی برازای کە رۆژی چوارشەممە لە ئیمڕاڵی چاویان بە یەکدی کەوت، رایگەیاندووە: "گۆشەگیری بەردەوامە. ئەگەر هەلومەرج بڕەخسێت، هێزی تیۆری و پراکتیکیی ئەوەم هەیە ئەم دۆخە لە زەمینەی پێکدادان و تووندوتیژییەوە رابکێشم بۆ زەمینەیەکی یاسایی و سیاسی.''
 
هاوکات کۆما جڤاکێن کوردستانێ (کەجەکە) کە باڵی سیاسیی پارتی کرێکارنی کوردستان (پەکەکە)یە، پابەندبوونی خۆی بەو پڕۆسەیە نیشاندەدات کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی بزووتنەوەکە پێشکێشیکردووە. 
 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

پێشبینی شەپۆلێکی بارانبارین دەکرێت؛ 'لە زۆربەی ناوچەکان پەڵە دەدات'

کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە ئەمڕۆوە بەررزبوونەوەی پلەی گەرما دەستپێدەکات. کەشناسێکیش پێشبینی دەکات، کۆتایی ئەم مانگە و سەرەتای مانگی داهاتوو شەپۆلێکی بارانبارین تەواوی عێراق و هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.