سەندیکای رۆژنامەنووسان بۆ لایەنە سیاسییەکان: لە بانگەشەدا رێز لە رۆژنامەنوسان بگرن

25-09-2024
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەنجوومەنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، پەیامێکی لەبارەی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە بڵاکردەوە و داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکات لە بانگەشەدا رێز لە رۆژنامەنوسان بگرن. سەرۆکی سەندیکاکەش دەڵێت: "هەر رۆژنامەنووسێک سکاڵا بکات پاڵپشتیی دەکەین".
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 25-09-2024، ئەنجوومەنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان رایگەیاند، داوا لە سەرجەم دەزگەكانی میدیایی، لیست، قەوارە و هاوپەیمانییەكانی بەشدار لە پرۆسەی هەڵبژاردندا دەكەن، هەڵمەتێكی راگەیاندنی پڕۆفێشناڵی دوور لە شكاندن و ناوزڕاندن ‌و دەرچوون لە هێڵی دیموكراسییانە بەڕێوەببەن.
 
سەندیکاکە دەڵێت: "میدیا و رۆژنامەنووسان لە هەڵمەتی بانگەشە بۆ كەس و لایەن‌ و لیستەكان، رۆڵێكی گرنگ دەگێڕن بۆ گەیاندنی پەیام و بەرنامەی هەڵبژاردنەكان، هەروەها لە هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتییان لە بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردن و پیادەكردنی مافی خۆیان لەم پرۆسە سیاسی و دیموكراسییەدا، ئەوەش چاوەڕوان دەكرێت، لە ئاستی لێوەشاوەیی و بەرەوپێشبردنی پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان بێت".
 
سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، داوا لە سەرجەم كەناڵەكانی راگەیاندن و رۆژنامەنووسان دەكات، سوود لە پانتایی ئازادی‌ و دیموكراسیی وەربگرن، "بۆئەوەی كاری خۆیان بە باشترین شێوە بکەن لە هەڵمەت ‌و بانگەشەی هەڵبژاردندا، رەچاوی بەرپرسیارێتی دۆخی سیاسی و ئابووریی خەڵكی كوردستان بكەن و بەشێوەیەك گوتار و پەیام و راپۆرتەكانیان خزمەتی بەرژەوەندی گشتی ‌و پاراستنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی بكات".
 
هەروەها، سەندیكاکە داوا دەكات، لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن، سەرجەم لایەنە سیاسییەكان ‌و بەشدارانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، رێز لە رۆژنامەنووسان و نێردەكانی میدیایی بگرن و سەلامەتییان ببپارێزن. 
 
دەشڵێت: داوا لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەکەین لە هەر چوار بازنەکانی هەڵبژاردن هاوکاریی رۆژنامەنووسان بکەن لە پێدانی زانیاری و ئاسانکاری بۆ راپەڕاندنی ئەرکەکانیان.
 
هاوكات داوا دەكات، دەزگەكانی میدیایی و رۆژنامەنووسان، رەچاوی یاسای رۆژنامەگەری ژمارە 35ی ساڵی 2007 و رێنماییەكانی كۆمیسیۆن و پەیماننامەی شەرەفی رۆژنامەنووسی بن‌، بۆ هەر كارێكی پێویستیش پەیوەندی بە لق‌ و نووسینگەكانی سەندیكا و لیژنەی داكۆكی لە ئازادی و مافی رۆژنامەنووسان بكەن.
 
ئازاد حەمەئەمین، نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، هەر رۆژنامەنووسێک مافەکانی پێشێلکرا یاخود زیانی پێگەیێندرا، با سکاڵای یاسایی تۆمار بکات و "ئێمەش پاڵپشتیی دەکەین".
 
بڕیارە 20ی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت؛ کۆمیسیۆن 173 تیمی چاودێریی لە هەرێمی کوردستان پێکهێناوە بۆ تۆمارکردنی سەرپێچییەکان؛ چوار ناوەندی لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان هەیە بۆ وەرگرتنی راپۆرتی پێشێلکارییەکان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە