نەجمەدین کەریم: دوژمنان بە هاوکاری خەڵکانێکی ناوخۆیی خەونی سەربەخۆییان لەباربرد

25-09-2019
بڕوا کیانی @brwakyani
A+ A-

 

رووداو - هەولێر

نەجمەدین کەریم، پارێزگاری لەکارلادراوی کەرکووک لە پەیامێکدا بەبۆنەی تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر گشتپرسیی باشووری کوردستان بۆ سەربەخۆیی رایدەگەیێنێت "وەک هەمیشە دوژمنانی گەلەکەمان بە هاوکاری و ئاسانکاری خەڵکانێکی ناوخۆیی، پیلانگێڕییان بۆ لە باربردنی خەونی سەربەخۆیی و قەوارەی باشووری کوردستان لە 16ـی ئۆکتۆبەردا ئەنجامدا". 
 
لە راگەیێندراوەکەیدا، پارێزگاری لەکارلادراوی کەرکووک کە ئەمڕۆ لە دووەمین ساڵیادی گشتپرسی بڵاویکردەوە، لەبارەی پرسی کەرکووک ئاماژەی بەوە کردووە "ئەمڕۆ لەکاتێکدا یادی دوو ساڵەی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی دەکەینەوە، گفتوگۆکان بۆ چارەسەری پرسی کەرکووک لەنێوان حکومەتی کوردستان و عێراق هەنگاوی باشیان بڕیوە، ئومێد دەکرێت ئەوەی بەهۆی تێوەگلانی خەڵکانێکی ناوخۆیی لە 16 ئۆکتۆبەر لە دەستدرا، بە باشی بەدەست بهێندرێتەوە".
 
نەجمەدین کەریم سوپاسی هاونیشتمانییان دەکات بۆ خۆڕاگرییان، دەڵێت "بە ئیرادەی بەرز و خۆڕاگری هاونیشتمانییانی کوردستان و کەرکووک تواندرا ئەو قۆناخە سەخەتە تێبپەڕێندرێت"، دڵنیاییش دەدات هەنگاوەکانیان لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ پرسی کەرکووک بەردەوام دەبن.
 
دەقی راگەیێندراوەکەی نەجمەدین کەریم:
 
هاونیشتمانییانی ئازیزی کەرکووک و کوردستان
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان
پێشمەرگەکانی پاراستنی خاک و نیشتمان
 
دوو ساڵ پێش ئێستا لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە 25-9-2017 پرۆسەی گشتپرسی (ریفراندۆم) بۆ سەربەخۆیی لە باشووری کوردستان، کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکان ئەنجامدرا. 
 
لەم پرۆسەیەدا کە زۆر شەفافانە و بە چاودێری چەندین رێکخراو و کەسایەتی نێودەوڵەتی و هەرێمی و ناوخۆیی بەڕێوەچوو، تێیدا زۆرینەی رەهای خەڵکی کوردستان و کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکان، بە (بەڵێ) خواستی خۆیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەربڕی.
 
بەڵام وەک هەمیشە، دوژمنانی گەلەکەمان بە هاوکاری و ئاسانکاری خەڵکانێکی ناوخۆیی، پیلانگێڕییان بۆ لە باربردنی خەونی سەربەخۆیی و قەوارەی باشووری کوردستان لە 16 ئۆکتۆبەر ئەنجامدا، کە بووە هۆی لە دەستدانی کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکان، بەڵام بە ئیرادەی بەرز و خۆڕاگری هاونیشتیمانانی کوردستان و کەرکوک تواندرا ئەو قۆناغە سەخەتە تێپەڕێندرێت.
 
هاونیشتمانیانی ئازیز.. ئەمڕۆ لە کاتێکدا یادی دوو ساڵەی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی دەکەینەوە، کە گفتوگۆکان بۆ چارەسەری پرسی کەرکوک لەنێوان حکومەتی کوردستان و عێراق هەنگاوی باشیان بڕیووە، کە ئومێد دەکرێت، ئەوەی بەهۆی تێوەگلانی خەڵکانێکی ناوخۆیی لە 16 ئۆکتۆبەر لە دەستدرا، بە باشی بەدەستی بهێندرێتەوە.
 
هەر بۆیە لە یادی دوو ساڵەی رێفراندۆمدا، وێڕای سوپاسگوزاریمان بۆ ئێرادەی بەرز و خۆڕاگریتان، دڵنیاشتان دەکەینەوە، کە هەنگاوەکانمان لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی بۆ پرسی کەرکووک بەردەوامە.
 
بەزر و پیرۆزبێت یادی دوو ساڵەی گشتپرسی لە باشووری کوردستان.
سەربەرزی و نەمری بۆ شەهیدانی پاراستنی کوردستان و کەرکووک
 
نووسینگەی 
د. نەجمەدین کەریم
25-9-2019
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە