دەزگەی هەڵبژاردنی حیزبەکان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە

25-06-2022
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دەزگەی هەڵبژاردنی حیزبەکان کۆدەبنەوە. بەرپرسی دەزگەی هەڵبژاردنی پارتی دەڵێت، کۆبوونەوەکە بەردەوامی هەوڵەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە بۆ دیاریکردنی کاتی هەڵبژاردن. بەرپرسی دەزگەی هەڵبژاردنی یەکگرتووش باس لەوە دەکات، دەیانەوێت دەنگدانی تایبەت نەمێنێت. بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەریش گوتی، دەیانەوێت ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە بکرێتە 65 کورسی؛ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانیش دەڵێت، چاوەڕوانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانن رۆژێکی نوێ بۆ هەڵبژاردن دیاریبکات. 


بڕیارە لەم هەفتەیەدا بەرپرسانی دەزگەی هەڵبژاردنی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ رێککەوتن لەسەر شێواز و کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆببنەوە.

رۆژی شەممە 25ـی حوزەیرانی 2022، خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگەی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "زیاتر لە دوو هەفتەیە سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەوڵی رێککەوتنی لایەنەکان لەسەر هەڵبژاردن و کاتی هەڵبژاردن دەدات. کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەش درێژەدانە بە ئەنجامی کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پلاسخارت و لایەنە سیاسییەکان." 

شێوازی هەڵبژاردن و بازنەکان لەو ناکۆکییانەن کە لایەنە سیاسییەکان بۆ رێککەوتن گفتوگۆی لەسەر دەکەن؛ رۆژی شەممە 25ـی حوزەیران، هێمن ئەسکەندەر، بەرپرسی دەزگەی هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، لایەنەکانی دیکە لەگەڵ فرەبازنەییدان؛ هەروەها جگە لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لایەنەکانی دیکە داوادەکەن پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان تۆماری تایبەت بەخۆیان هەبێت، واتە بەس خۆیان بتوانن دەنگ بەخۆیان بدەن نەک هەموو کەسێک بتوانێت دەنگ بە بەربژێری ئەوان بدات." 

دەنگدانی تایبەتیش کێشەیەکی دیکەی نێوان لایەنە سیاسییەکانە؛ هێمن ئەسکەندەر دەڵێت، پارتی و یەکێتی دەیانەوێت دەنگدانی تایبەت هەبێت و لایەنەکانی دیکە دەیانەوێت نەبێت.

بەرپرسی دەزگەی هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیارە تاوەکو 1ـی تەممووزی 2022، راپۆرتی کۆتایی لەسەر گفتوگۆی لایەنەکان بنووسرێتەوە و لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە ئەنجامەکانی ئاشکرا بکرێن.

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە کۆمەڵێک داواکارییەوە دەچنە نێو کۆبوونەوەی لایەنەکان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان. رۆژی شەممە 25ی حوزەیرانی 2022، بێستوون حەمەساڵح، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە داوامانکردووە ئەم کۆمیسیۆنە وەکو خۆی بەردەوامبێت؛ بۆ تۆماری هەڵبژاردنیش پشت بە بایۆمەتری واتا تۆماری عێراق ببەسترێت، هەروەها پێکهاتەکان بەربژێری تایبەتی خۆیان هەبێت و خۆیان دەنگ بەخۆیان بدەن بە تۆمارێکی تایبەت بە خۆیان."  

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان داوا دەکات ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ 65 کورسی کەمبکرێنەوە؛ بێستوون حەمەساڵح گوتی، "کە ژمارەی کورسییەکان بوون بە 65، ئەوکاتە دەبێت ژمارەی کورسی پێکهاتەنکانیش پێداچوونەوەی بۆ بکرێت." 

بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەری کوردستان ئاماژەی بەوەش كرد: لە کۆبوونەوەی یەکەمی لایەنە سیاسییەکاندا داوایانکردووە هەرێمی کوردستان بکرێت بە چەند بازنەیەکی هەڵبژاردنەوە نەک فرەبازنەیی. گوتیشی، "ئێمە دەمانەوێت دەنگدانی تایبەت نەمێنێت و هەردوو دەنگدانەکە بکرێت بەیەک و لە یەک رۆژدا بەڕێوەبچێت." 

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان جگە لە نەوەی نوێ، لەو حیزبانە پێکهاتووە کە کورسی پەرلەمانییان هەیە؛ رۆژی شەممە 25ـی حوزەیران شێروان زرار، گوتەبێژی کۆمیسیۆنەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نەبوونی نوێنەری نەوەی نوێ لە کۆمیسیۆن لەبەرئەوەیە کە دوای کۆمیسیۆن دروستبوون."  

ئەنجوومەنی باڵای کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان 9 ئەندامی هەیە؛ سێ ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان، دوو ئەندام لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان، دوو ئەندام بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیش یەکی ئەندامێکیان هەیە، هەروەها حیزبی شیوعی کوردستان، ئاراستەی سێیەم، حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان لە پێکهاتەکانی دیکەی کۆمیسیۆنەکەدا پشکیان هەیە.

سەبارەت بەوەی ئەگەر لایەنێکی سیاسیی داوای پشک بکات لە کۆمیسیۆن، شیروان زرار گوتی، "ئەوە دەمێنێتەوە سەر لایەنە سیاسییەکان، دەتوانن بۆ زیاترکردنی ئەندامبوونی لایەنێک رێکبکەون لە گۆڕانکاری لە ئەندامانی لیژنەکەدا، ئەگەرنا ناتوانرێت ئەندام زیاتر بکرێت و دەکرێت گۆڕانکاریی لە پشکەکانی ئێستادا بکرێت." 

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەوان چاوەڕێن دوای کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژێکی نوێ بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دیاریبکات بۆ ئەوەی ئەوانیش دەست بە ئامادەکارییەکانیان بکەن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە