رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رۆژی هەینی رایگەیاند، ژنێک و سێ منداڵی چەکدارانی داعشیان رادەستی شاندێکی بەریتانی کردووە.
بە گوتەی بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، رۆژی چوارشەممە، چوار هاووڵاتییە بەریتانییەکەی رادەستی شاندەکە کردوونەتەوە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە کە سنوورەکەی بەشێکی گەورەی رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا دەگرێتەوە، لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی دانیشتووانی کەمپەکانی هۆڵ و رۆژ لە حەسەکە بگەڕێنێتەوە وڵاتەکانیان.
ئەو چوار کەسەی کە رادەستی شاندە بەریتانییەکە کراونەتەوە، پێشتر لە کەمپی رۆژ نیشتەجێکرابوون.
شاندە بەریتانییەکە لە لایەن ئان سنۆو، نوێنەری تایبەتی بەریتانیا بۆ سووریا سەرکردایەتی کرابوو. لەگەڵ بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر باسیان لە هەڕەشەی داعش کردبوو.
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر گوتی: "پێویستە چارەسەری ریشەیی بۆ کێشەی تیرۆر بدۆزرێتەوە."
ئیلهام ئەحمەد هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە هەزاران ئەندام و گومانلێکراوی داعش کە ئێستا لە کەمپ و بەندینخانەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیاندان، دادگاییبکرێن.
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیاش دەڵێت، بەرپرسانی ئەو وڵاتە "ئاسانکارییان بۆ گەڕاندنەوەی ژمارەیەک هاووڵاتی بەریتانی لە سووریاوە بۆ شانشینی یەکگرتوو کردووە."
گوتەبێژێکی وەزارەتەکە رایگەیاند: "گەڕاندنەوەی ئەم کەسانە پابەندبوونە بە سیاسەتی لەمێژینەمان کە هەموو ئەو داواکارییانەی بۆ یارمەتیی کۆنسوڵگەری لە سووریاوە پێشكێش دەکرێن، یەک بە یەک لەبەرچاودەگیرێن."
هۆڵ گەورەترین کەمپی رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریایە، زیاتر لە 43 هەزار کەسی تێدا نیشتەجێکراون، کە خەڵکی 47 وڵاتن و زۆربەیان کەسوکاری چەکدارانی داعشن. هەروەها زیاتر لە دوو هەزاری دیکەش لە کەمپی رۆژدان.
لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، زیاتر لە 30 هەزار کەس کە زۆربەیان عێراقی و سووریایین، کەمپی هۆلیان جێهشتووە و گەڕێندراونەتەوە وڵاتەکانیان.
هەر ئەم مانگە، ئەمریکا 11 هاووڵاتیی خۆی لە کەمپەکانی هۆڵ و رۆژ گەڕاندنەوە. هەروەها 200 سووریایی لە کەمپی هۆڵەوە گەڕێندرانەوە دێرەزوور.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ