رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی رایگەیاند، نرخی مریشک دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، دوای ئەوەی لە 5250 دینارەوە بوو بە 2500 دینار، ئێستا کیلۆی بە 2150 و لە هەندێک شوێن بە 2000 هەزار دیناریش دەفرۆشرێت.
رۆژی پێنجشەممە، 25-05-2023، سۆران عەبدولغەفوور، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بڕێکی زۆر مریشک خراوەتە بازاڕەوە و ئەوەش کاریگەری لەسەر نرخەکەی دروست کردووە، دوای ئەوەی کیلۆیەکی گەیشتە پێنج هەزار دینار و لە هەندێک شوێن بە 5250 هەزار دینار دەفرۆشرا و دواتر بۆ 2500 دینار دابەزی، ئێستا زیاتریش دابەزیوە و کیلۆی بووەتە 2150 دینار."
بەگوتەی چاودێریی بازرگانیی سلێمانی، لە هەندێک شوێن نرخی کیلۆیەک مریشک بە دوو هەزار دینارە، ئەوەش بەهۆی زۆریی مریشک لە بازاڕەکان، "ماوەیەکی دیکە لەبەرئەوەی خاوەن پەلەوەرخانەکان زەرەر دەکەن، بڕەکە کەم دەکەنەوە و دەبینین نرخ دووبارە بەرزدەبێتەوە، ئەوە دەبێت رێکبخرێتەوە."
لە مانگی نیسانی 2023 و لەنێوەڕاستی مانگی رەمەزان، نرخی کیلۆیەک مریشک لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتە پێنج هەزار دینار، ئەوەش بەهۆی کەمیی مریشک لە بازاڕەکاندا، ئەو کات بەشێک لە پارێزگاکان هەناردەکردنی مریشکیان بۆ خواروو و ناوەڕاستی عێراق راگرت. سۆران عەبدولغەفوور دەڵێت: "ئێستا رێگەکان کراونەتەوە و مریشک هەناردەی خواروو و ناوەڕاستی عێراق دەکرێت."
ئەحمەد سابیر، مریشکفرۆش لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێستا کیلۆی مریشک لە دووکانەکان بە دوو هەزار و 350 فرۆشراوە، ئەمڕۆ بە دوو هەزار و 250 دینار بۆمان هاتووە و 50 دینارمان خستووەسەر، بەڵام ئەو نرخەش رۆژانە دەگۆڕدرێت."
خاوەن پەلەوەرخانەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوام ناڕەزایەتی دەردەبڕن لەبەرامبەر گرنگی نەدان بە کەرتەکەیان و داوا دەکەن وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بتوانێت نرخێکی دیاریکراویان بۆ دابنێت بۆ ئەوەی بەردەوام بە نرخێکەوە پابەند بن و زەرەر نەکەن.
9ـی ئایاری 2023، فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بۆ چارەسەرکردنی گرفتی دابەزین و بەرزبوونەوەی نرخی مریشک دوو سێ رێکار هەیە پێویستە بگیرێتەبەر، یەکێک لەوانە دەبێت لیژنەکانی قایمقامیەت چاودێریی نرخی ئەو مریشکانە بکەن کە لە کۆڵانەکان دەفرۆشرێن. یەکێکی دیکە ئەوەیە ئەگەر پەلەوەرخانەکان پابەندبن بە خشتەیەکی دیاریکراوی وەزارەت، واتا ئێمە پێیان بڵێن بۆ ئەم مانگە تەنیا ئەوەندە مریشک بخەنەبازاڕەوە و ئەوانیش پابەندبن ئەوە نرخیش دیاریکراو دەبێت."
فیراس سدیق دەڵێت: "بۆ ئەوەی نرخی مریشک دیاری بکەین، پێویستە نەک تەنیا لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراقیش هاوئاهەنگی بکرێت و بەرنامەیەکی گشتگیرمان هەبێت، چونکە 50٪ بۆ 60٪ـی مریشکی هەرێمی کوردستان بۆ خواروو و ناوەڕاستی عێراق دەچێت، بۆیە ئەگەر وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان ئالیک بە نرخی پاڵپشتیکراو بە خاوەن پڕۆژەکان بدەین و دواتر هەناردە بکرێت ئەوە لەبری ئەوەی سوود بە هاووڵاتییانی خۆمان بگەیێنین 50 بۆ 60٪ـی ئەو مریشکە دەچێتە خواروو و ناوەڕاستی عێراق."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ