رووداو دیجیتاڵ
لە چەمچەماڵ کرێکارێک بەهۆی تەزووی کارەباوە گیان لەدەستدەدات؛ توێژینەوەیەکی زانکۆی سەلاحەدینیش دەڵێت، لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا ئەو رووداوانەی کە بەهۆی کارەباوە روویانداوە 5.2 ملیۆن دۆلار زیانیان بە هەرێمی کوردستان گەیاندووە.
لە سەرەتای ڤیدیۆکەدا وێنەی مەریوان عەزیز، کرێکارێکی تەمەن 35 ساڵی خەڵکی چەمچەماڵ دەردەکەوێت، هۆشیار عەزیز، برای مەریوانە و دەڵێت، "لە 2014وە بەشی کشتوکاڵی تەواوکردووە و لەگەڵ خۆم کاری دەکرد، نۆ ساڵە کرێکاری دەکرد، ئەمڕۆ پێکەوە چووین بۆ کار، راستەی فافۆنی بەرزکردەوە، لە کارەباکەی دا و تا بردمانە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا."
هەمان رۆژی گیانلەدەستدانی مەریوان، زانکۆی سەلاحەدین لەسەر زیادبوونی رووداوەکانی شۆرتی کارەبا و ئاگرکەوتنەوە کۆنفرانسێکیان بە ناونیشانی "سەلامەتی کارەبا و هەڵسەنگاندنی مەترسییەکان" رێکخست.
بەپێی ئامارەکانی توێژینەوەی زانکۆی سەلاحەدین، لەساڵی 2022، 32 هەزار و 477 رووداوی ئاگرکەوتنەوە روویانداوە، کە 15 هەزار و 267 یان بەهۆی شۆرتی کارەباوە بوون، کە دەکاتە لە 50٪ی رووداوەکان. ئەمە لە کاتێکدایە لە هەموو ئەمریکا لە 33٪ رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە بەهۆی شۆرتی کارەبا بووە.
ئاری ئەکرەم، پڕۆفیسۆری یاریدەر لە زانکۆی سەلاحەدین دەڵێت، "سەنتەری زانستیی زانکۆی سەلاحەدین پێکەوە لەگەڵ کۆمپانیای ئەی بی بی ئەم کۆنفرانسەمان رێکخست بۆ ئەوەی بگەڕێن بەدوای نوێترین رێگەکانی پاراستنی خەڵک و سەروسامانیان."
بەشێکی دیکە لە توێژینەوەکە دەریدەخات، لە ماوەی 5 ساڵی رابردوودا ئەو رووداوانەی کە بەهۆی کارەبا روویانداوە، 5.2 ملیۆن دۆلار زیانیان بە هەرێمی کوردستان گەیاندووە.
کامیل قەزاز، بریکاری وەزارەتی کارەبا دەڵێت، "سەبارەت بە ئێمە وەکو وەزارەتی کارەبا، رێنوێنیمان هەیە بۆ خۆمان جێبەجێی دەکەین، بەڵام لە سنووری ماڵەکاندا تەنیا لە کاتی مۆڵەتپێدان رێنوێنییەکان رەچاو دەکرێن کە بەداخەوە ئەو رێنوێنییانەش کۆنن و وەکو وەزارەت سەرقاڵی ئەوەین بیانگۆڕین."
بریکاری وەزارەتی کارەبا ئاماژە بەوەش دەکات، "کوالێتیی خراپی کەلوپەلەکان، شێوازی بەستنیان، دوو سیستمی تێکەڵاوی کارەبای نیشتمانی و موەلیدە، رەچاونەکردنی مەرجەکانی سەلامەتی لە هۆکارەکانی روودانی شۆرتی کارەبا و زۆرجاریش ئاگرکەوتنەوەن."
موقەدەم کارون میراودەلی، راوێژکار و شارەزای دادیی بەڕێوەبەری هۆبەی مەشق دەڵێت، "بۆ هەموو کەرتەکان گرنگە میکانیزمی خۆپارێزی و کەرەستەکانی خۆپارێزی رەچاو بکرێت."
ئامانج لە کۆنفرانسەکە، هەڵسەنگاندنی مەترسییەکان و دانانی رێوشوێنی چارەسەرکردنیان بوو؛ وەکو گۆڕینی رێنوێنییەکانی بەکارهێنانی کارەبا و چاودێریی زیاتری باڵەخانەکان. هەرچەندە بەشێکی گرنگ لە دامەزراوەکان وەکو شارەوانی و کوالێتیی کۆنترۆڵ کە پێویستە رۆڵیان هەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەکان، لە کۆنفرانسەکەدا بەشدارنەبوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ